هەواڵ

سووڕانەوەی دڕۆنەکانی ئێران بە سەر ئاسمانی بارەگای حزبەکانی کوردستاندا 

04:48 - 11/10/2021

سووڕانەوەی دڕۆنەکانی ئێران بە سەر ئاسمانی بارەگای حزبەکانی کوردستاندا 

هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی گەیشتوون، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران بە سەر ئاسمانی بارەگا و شوێنی نیشتەجێ بوونی حزبەکانی کوردستانی ئیراندا لە نزیک سلێمانی لە هەرێمی کوردستان خولاونەوە. هەروەها هەواڵنێری "فارس" هێرشێکی پڕۆپاگەندەی کردووەتە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق. 


بەپێی ئەم راپۆرتە پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ١٨ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، دڕۆنەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کاتژمێر ١٠ و بیستوشەش خولەک، بە سەر ئاسمانی بارەگاکانی کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا سووڕاونەوە. 

پێشتریش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران بە سەر ئاسمانی بنکە و بارەگای حزبەکانی کوردستاندا خولاونەوە بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گەلێک جار هەڕەشەی هێرشی سەربازییان بۆ سەر بنکە و ئوردوگای حزبەکانی کوردستانی ئێران کردووە. 

جێگای ئاماژەیە لە دەوروبەر و لە ناو ئەم بارەگا و بنکانەی حزبەکانی کوردستان، خەڵکی مەدەنی و بنەماڵەی تێدا دەژی و داوامان لە حزبەکانی کوردستانە بە وریای زیاترەوە بەڕەوڕووی ئەم جموجۆڵ و هەڕەشانەی بەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ببنەوە. 

لەلایەکی دیکەوە هەواڵنێری فارس سەر بە حکومەتی ئیسلامی ئێران، هێرشی کردۆتە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بە هۆکاری نائەمنی کردنی ناوچەکەیان دادەنێ و تۆمەتبار دەکا. 
هەڕەشە و تاوانبار کردنی بەرپرسانی هەرێم بە نائەمن کردنی ناوچەکە لە حاڵێکدایە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران لە شار و شەقامەکان، دەریا و زەوی و بیابانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرچاوی دنیاوە هۆکاری سەرەکی نائەمنی، ئاژاوەناەوە، هەڵگیرسانی شەڕ و ترۆری چالاکانی سیاسی لە ناوچەکدایە و پشتیوان و ماکەی ترۆریزم و گوروپە ترۆریستەکانە و سپای پاسداران وەک هێزی سەرەکی پارێزەری ئەم حکومەتە لە لیستی گوروپە ترۆریستەکانی وڵاتانی رۆژئاوادایە. لە راستیدا ئەوە حکومەتی ئێرانە کە ئەمنییەتی لە خەڵکی ئێران و ناوچەکە ئەستاندووە و تەینا لە ٣ رۆژدا لە شەقامی شارە گەورەکانی ئێران زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی ناڕازی بە گرانی بێنزین کردە قوربانی و کوشت. ئەم سیاسەتەی حکومەتی ئیسلامی خەڵکی ئێرانی رووتاندۆتەوە و هەرچی داهاتی ئێرانە و خەڵکەکەیەتی دەیدا بە گوروپە ترۆریستەکان و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان و تەنانەت کەم نین ئەوانەی لە برسان زبڵی زبڵدانەکان بۆ خواردن دەپشکنن. 
بە ڕەچاوکردنی ئەم سیاسەتەی حکومەتی ئیسلامی ئێران، بەداخەوە هەر خەڵکی ئێرانن کە تێیدا زەرەمەندی سەرەکین و ئەم سیاسەتە ئابووری ئێرانی داڕماندووە، و سیستەمی بێهداشتی وێران کردووە و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکەی ناتەندروست کردووە بە جۆرێک کە خەڵکی ئێران بە ئاشکرا هاواریانە و لەم سیاسەتەی سەرانی حکومەت وەزاڵە هاتوون. 

سەبارەت بە کوردستانیش، حزبەکانی کوردستان هەمیشە لایەنگری ئەوەن کە کێشەی گەلی کورد لە رێگای وتووێژ و بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێ بەڵام ئەوە حکومەتی ئیسلامی ئێرانە کە هیچکات رێزی لە مافە نەتەوەییەکانی میللەتی کورد نەگرتووە و حازر نەبووە و نییە دانی پێدابنێ و تەنیا لە لوولەی چەکەوە یا بە زمانی ترۆر جوابی داواکارییەکانی گەلی کوردی داوەتەوە. 

شایانی باسە ئەم جموجۆڵانەی حکومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە وڵاتی عێڕاق سەرقاڵی هەڵبژاردنێکی ئازاد بوون و شیمانەی ئەوە دەکرێ ئەم جموجۆڵانەی حکومەتی ئێران بۆ پێکهێنانی دووبەرەکی و ئاژاوە و نائەمن کردنی کوردستانی عێڕاق بێت.  

09:00 - 11/10/2021 نوێ کراوەتەوە.