سێدارە

لەسێدارەدانی ٤٩ کەس لە کوردستان لە ماوەی ساڵی رابردوودا، راپۆرتی هانا بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر

01:20 - 9/10/2021

لەسێدارەدانی ٤٩ کەس لە کوردستان لە ماوەی ساڵی رابردوودا، راپۆرتی هانا بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر

هانا: رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەبۆنەی ١٠ ئۆکتوبر رۆژی جیهانی بەرەوڕووبوونەوەی سزای سێدارە ئامارێکی لە سەر رێژەی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی شارۆمەندانی کورد لە کوردستان ئامادە کردووە. 


ئەم راپۆرتە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا، واتە لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠وە تا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١، لە سەر یەک ٤٩ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. 

تۆمەتی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون 
بەپێی ئەم راپۆرتە لە کۆی گشتی ئەم ٤٩ شارۆمەندە کوردەی لە سێدارە دراون، ٢٧ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست واتە قەتڵی عەمد لە سێدارە دراون و هەروەها ٢٢ کەسیش بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە لە سێدارە دراون. 

بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە سەر ئاستی پارێزگاکان 
بە  پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە سەر ئاستی پارێزگاکان بەم جۆرەی خوارەویە: 

پارێزگای ورمێ ٢٨ کەس 
پارێزگای کرماشان ١٢ کەس 
پارێزگای سنە ٧ کەس 
پارێزگای ئیلام ٢ کەس 

لە کۆی ئەو ٤٩ شارۆمەندەی لە سێدارە دراون یەک کەسیان ژن بووە و ٤٨ کەسیش پیاو بوون. 

ریکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و "رێکخراوی هاوپشتی جیهانی دژی سزای سێدارە"، ساڵی ٢٠٠٢ رۆژی ١٠ ئۆکتۆبر (١٨ی رەزبەر)یان وەک رۆژی جیهانی بەرەوڕووبوونەوەی سزای سێدارە راگەیاند. 

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، زۆربەی وڵاتانی جیهان سزای سێدارەیان لە یاسای خۆیاندا هەڵوەشاندۆتەوە یا بە کردەوە هەڵیانگرتووە و بەڕێوەی نابەن. هەروەها بەشێک وڵاتی دیکەش لەم راستایەدا هەنگاو دەنێن. بەڵام هێشتاش لە ٥٨ وڵاتی جیهان سزای سێدارە بەڕێوەدەچێ. 

زۆربەی هەرەزۆری بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە سەر ئاستی جیهاندا لە وڵاتانی چین، ئێران، کۆریای باکوور، عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و ئەمریکا بەڕێوەدەچێ. ٩٣ لە سەدی بەڕێوەچوونی سزای سێدارە لە سەر ئاستی جیهاندا، لەم وڵاتانە بەڕێوە دەچێ و ئەوان لێی بەرپرسن. 

لە گەلێک وڵات سزای سێدارە لە دادگایەکی نادادپەروەر و ناعادڵانەدا بەڕێوەدەچن کە لە سەر بنەمای "دانپێدانانی" زۆرە ملی و لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەدا درکاون. 

سزای سێدارە بەندەکانی سێیەم و پێنجەمی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکا. ئەم سزایە کە لە راستیدا بە مانای کوشتنی یاسایی مرۆڤ بە بڕیاری حکومەت و دەسەڵاتەکانە، هەم بە مانای پێشێل کردنی "مافی ژیان"ە (بەندی سێ) و هەم وەک پێشێل کردنی ئەم مافەیە کە " هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ"، (بەندی پێنج). 

ئێران دوای وڵاتی چین، لە سەر ئاستی جیهاندا بەرزترین رێژەی سزای سێدارە لە سەر شارۆمەندانی خۆی بەڕێوەدەبا. هەڵبەت ئەم ئامارە بە نیسبەتی دانیشتوانی ئێران، دەبێتە زۆرترین ئاماری سێدارە لە سەر ئاستی جیهاندا. هەروەها ئێران بەرزترین ئاماری سزای ئێعدامی تازەلاوانی هەیە و بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئامارێکی باوەڕپێکراو و دروست لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە راناگەیەندرێ و بڵاوناکرێتەوە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاودەنگ لەگەڵ چالاکانی تری مافەکانی مرۆڤ خوازیاری هەڵوەشانەوە و نەمانی سزای سێدارەیە لە سەر ئاستی هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە ئەم سزایە بێ‌بەزییانە و نائینسانییە و بە بڕیاری یاسایی حکومەتێک مافی ژیان لە مرۆڤ زەوت دەکرێ و لێی دەسێندرێ ئەوەش بە مانای قەتڵی عەمدە لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە و بڕیارێکی زۆردارانەیە. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١٠ی ئۆکتوبری ٢٠٢١ 
١٨ی رەزبەری ١٤٠٠ 

 

بۆ بینینی ئامار لە پەڕەیەکی نوێ، کلیک بکە.

09:39 - 11/10/2021 نوێ کراوەتەوە.