ژنان

راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان 

02:32 - 24/11/2021

راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان 

٢٥ی نوامبر (٥ی سەرماوەز)، "رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان"ـە. کۆمەڵی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٩ی زایینی رۆژی ٢٥ی نوامبری وەک "رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان" دیاری کرد. 


٢٥ی نوامبری ساڵی ١٩٦٠ سێ خۆشکی خەڵکی کۆماری دومینیکن بە ناوی خوشکانی "میرابل"، دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە و ئازار، سەرئەنجام لەلایەن  رێکخراوی ئەمنییەتی ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە کوژران. "تاوانی" ئەو سێ خوشکە چالاکی سیاسی دژی رژیمی دیکتاتۆری دەسڵاتداری دومینکن بوو. 
دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان یەکێک لە شێوازە بەربڵاوەکانی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە جیهانە کە بناخەی لە کۆمەڵگاکان و سیستەمی ئیدارەی وڵاتەکاندایە و بە هۆکاری جۆرواجۆر بۆ وێنە کەم بوونی وشیاری، پاراستنی تاوانبار لە سزا و هەروەها شەرم و ترسی قوربانییان لە بنەماڵە و نزیکان، یاسا و رێساکان و سیستەمی پیاومەزنی و هۆکارگەلی تر لە راپۆرتەکاندا بڵاو ناکرێنەوە. 
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، یەک لە سەر سێی ژنانی جیهان بەتایبەت ئێران و شارەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی ژیانی خۆیاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژییان بەرامبەر کراوە. لە ئێران ژمارەی ئەو ژن و کچانەی کەوتوونە بەر توندوتیژی و ئازاری فیزیکی، جنسی و دەروونی لە ٣٥ لە سەد زیاترە.  
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن هاوکارانی هانا بەڕێوەچوون، لە ساڵی رابردوودا لە شارەکانی کوردستانی ئێران بەرزترین ئاستی توندوتیژییەکان لە شارەکانی کرماشان، سەنقوڕ، ورمێ، پیرانشار، سنە، رەوانسەر، ئاودانان، بانە، هەرسین، سەردەشت، دەڕەشار، سەقز، دێولان و سەپێڵ بەڕێوەچووە کە ٢٩ شارۆمەندی ژن بە دەستی هاوسەر یا بنەماڵەی خۆیان کوژراون. ئەمە لە حاڵێکدایە ئامارێکی راستەقینە و جێ متمانە لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەم بارەوە بڵاوناکرێتەوە. 
لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم راستییە دەردەخا، لە زۆربەی کۆلتۆر و فەرهەنگەکان نەتەنیا توندوتیژی بنەماڵە باوە بەڵکوو شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی پەسند و ستاییشت دەکرێ. هۆکاری دیکەی ئاشکرانەکردنی توندوتیژی بنەماڵە ئەمەیە یاسایەک بە ناوی توندوتیژی بەرامبەر ژنان نییە و لە یاسای ئیسلامیدا هیچ سزایەک بۆ کەسانی توندوتیژیکار رەچاو نەگیراوە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاودەنگ لەگەڵ چالاکانی تری مافەکانی مرۆڤ خوازیاری ئەوەیە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە هەموو کۆمەڵ و وڵاتەکان یاسای بۆ داڕێژرێ، بەری پێ بگیرێ و پشتیوانی لە قوربانییان بکرێ و ئەم دیاردەیە نەمێنێ . رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رای وایە دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کردەوەیەکی بێ بەزییانە و نامرۆڤانەیە و سووکایەتی بە ژنانە و هەروەها پێشێل کردنی مافە رەوا و ئینسانییەکانیانە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٢٥ی نوامبری ٢٠٢١ 
 

03:28 - 25/11/2021 نوێ کراوەتەوە.