هەواڵ

تاران: بەندکراوێکی سیاسی کورد بە هۆی ئەشکەنجەی زۆر بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە 

03:01 - 10/11/2021

تاران: بەندکراوێکی سیاسی کورد بە هۆی ئەشکەنجەی زۆر بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە 

هانا: "خەلیل رەزەوی" بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی "ئێڤین"ی تاران بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆری مەئموورانی بەندیخانە بۆ نەخۆشخانەی گوازرایەوە. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، "خەلیل رەزەوی" لەلایەن ئەشکەنجەگەرانی بەندیخانەی ئێڤین ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراوە بە جۆرێک کە سەر و سینگ و دێزەڵەی سمتی شکاوە و دوای ئەمە بە کەلەپچەوە بۆ نەخۆشخانەی "بقیەاللە" لە شەقامی "ملا صدرا"ی تاران گوازراوەتەوە و لە بەشی ئەمنییەتی ئەو نەخۆشخانەیەدا لە ژێر چاوەدێری ئەمنییەتی و پزیشکی دایە. 

شایانی باسە ئورگان و ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت وەک ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا و بەشی پارێزگاری بەندیخانەی ئێڤین، بەندکراوە سیاسییەکان بە ناسنامەی خۆیان لە نەخۆشخانە ناونووس ناکەن بەڵکوو خۆیان ناوێکیان بۆ دەستنیشان دەکەن تا ناوەکانیان ناکەوێتە دەست راگەیاندنەکان. 

لێرەدا بە پێویستی دەزانین بەندەکانی ٣، ٥، ٩ و ١٩ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە بۆ زانیاری زیاتری خوێنەران دابنێین. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا. 

هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و بەندکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. 
 

03:07 - 10/11/2021 نوێ کراوەتەوە.