ئامار

کوژران و بریندار بوونی ١٢ کۆڵبەر لە مانگی ئۆکتۆبردا 

05:48 - 9/11/2021

کوژران و بریندار بوونی ١٢ کۆڵبەر لە مانگی ئۆکتۆبردا 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەر مانگێک ئاماری بەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاودەکاتەوە. ئەم ئامارە بە هەوڵی هاوکارانی هانا ئامادە کراوە. 


ناوەندی مافی مرۆڤی هانا، لەم بەشەدا ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە ناوچە و پارێزگاکانی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبردا بڵاودەکاتەوە. 

لە مانگی ئۆکتۆبردا ١٢ شارۆمەندی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون. 
هەموو ئەم شارۆمەندانە لە رەگەزی نێرینەن. 
لەکۆی ئەو ١٢ کەسە ٧ کەسیان بریندار بوون و ٤ کەس لەو بریندارانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون و ٣ کەسەکەی تریش لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی رووداوی رێگاوبان بریندار بوون. 

هەروەها لە مانگی ئۆکتۆبردا ٥ کەس لە کۆڵبەران گیانیان لەدەستداوە کە یەکێک لەو شارۆمەندانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوور گیانی لەدەستداوە و ٤ کەسەکەی دیکەش بە هۆی رووداوی هاتوچۆ و رێگاوبان گیانیان لەدەستداوە. 

دیاردەیەی کۆڵبەری ئاکامی هەژاری و بێکاری و هەڵاواردنی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە کوردستان و خەڵک لە رووی ناچارییەوە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن. بەرپرسانی حکومەتی ئێران نەتەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری بنەڕەتی و دابین کردنی بەڕێچوونی خەڵکی کوردستان نادەن بەڵکوو کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانیان کردووەتە هەواڵی ئاسایی رۆژانەی راگەیاندنەکان (هەڵبەت لەلایەن راگەیاندنەکانی حکومەت و ئێرانەوە بە بایکوت کراوە و نایانەوێ رەنگبداوتەوە). ئێستا هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران، ئینتزامی و هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور دەستیان بۆ کوشتاری کۆڵبەران ئاواڵە کراوە و ئاسایی بوونەوەی کوشتاری خەڵکی کورد لەلایەکەوە پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و لەلایەکی دیکەشەوە مەترسییەکی گەورە و دڵتەزێنە بۆ کوردستان کە چۆن کوشتنی مرۆڤ دەبێ ئاوا ئاسایی بێت. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 

٥ی نوامبری ٢٠٢١ 

 

بۆ بینینی ئامار لە پەڕەیەکی نوێ، کلیک بکە.

11:27 - 9/11/2021 نوێ کراوەتەوە.