هەواڵ

بانە: کوژران و بریندار کرانی ٣ کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە 

06:23 - 1/12/2021

بانە: کوژران و بریندار کرانی ٣ کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە 

هانا: رۆژی سێشەممە ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (١ی دیسەمبری ٢٠٢١)، سێ شارۆمەندی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "چۆمان" و "هەنگەژاڵ"ی بانە کەوتنە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە و ٢ کۆڵبەریش بریندار بوون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سنووری "چۆمان" لە ناچەی بانە، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "عادڵ عەلی پوور" تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "سەرسول"ی ناوچەی بانە گیانی لەدەستداوە. هەروەها هەر لەم هێرشەدا کۆڵبەرێکی تریش بە ناوی "یاسین ئەمین پوور" تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ئاوای "سەرسول" بریندار بووە. 

هەر بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنووری "هەنگەژاڵ" تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامی ئەم کردەوەیەشدا کۆڵبەرێک بە ناوی "فەریدوون محەممەدی" تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "گوێزلێ"ی ناوچەی بانە بریندار بووە. 

شایانی باسە "یاسین ئەمین پوور" و "فەریدوون محەممەدی" بۆ چارەسەری برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی بانە کراون.