هەواڵ
برینداربوونی ۳ کۆڵبەر لە سنوورەکانی سەردەشت و بانە
02:55 - 5/8/2021
هانا: بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی سنووری "کەندە سوور"ی ناوچەی بانە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران بریندار بوو و هەروەها ۲ کۆڵبەری تر لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت هەر بەم شێوەیە بریندار بوون.
ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۱٤۰۰- (۲ی ئاگۆست ٢٠٢١) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاروانێکی کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناوی "ناسر خورشیدی" برینداربوو.
هەروەها ڕۆژی سێ شەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۱٤۰۰- (٣ی ئاگۆست ٢٠٢١) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "هەژار ساڵحی" و "عەلی ساڵحی" لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت برینداربوون.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا.
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- ئاماری زیانەکانی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٢
- کوژران و بریندار بوونی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا
- کوژران و بریندار بوونی ٢٨ کۆڵبەر لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا
- گیانلەدەستدان و بریندار بوونی ٢١٢ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢١دا
- راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان - ساڵی ٢٠٢١