هەواڵ

تاران: کوشتنی شارۆمەندێکی دیکەی کورد لە بەندیخانە 

02:15 - 25/9/2021

تاران: کوشتنی شارۆمەندێکی دیکەی کورد لە بەندیخانە 

هاوکارانی هانا لە ئیلامەوە ئاگاداریان کردین، شارۆمەندێکی کورد لە گرتووخانەی زیندانی تارانی گەورە کوژراوە. 



ناسنامەی ئەم شارۆەمندە کوردە "ئەمیر حسێن حاتەمی" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی زێنەب و عەلی، خەڵکی "سیروان" لە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران راگەیەندراوە. ناوبراو کریکار بووە و ساڵی رابردوو بە هۆی تێکهەڵچوونێکەوە گیراوە و سزای دانی دیەی بەسەردا سەپاوە، بەڵام بە هۆی نەدارییەوە توانای دانی دیەکەی نەبووە و لە ئاکامدا زیندانیان بۆ بڕییەوە. 
دوای بڵاوبوونەوەی کوشتنی ناوبراو کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەلایەن بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانییەوە لە بەرامبەر بەندیخانەی تارانی گەوەرە بەڕێوەچووە. 
ناڕازییان بە دانی دروشمی "قوە قضاییە، جوابگو، جوابگو" خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسان سەبارەت بە کوشتنی ئەمیر حسێن حاتەمی بوون. 
یەکێک لە کەسانی نزیکی ئەمیر حسێن حاتەمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رایگەیاند: وێڕای ئەوەی خوازیاری لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم قەتڵەوە بوون، وتی ناوبراو بە هۆی تێکهەڵچوون و نەدانی پارەی دیە لە زینداندا بووە و ٣ رۆژ لە مەرگی ناوبراو تێپەڕیوە. هەروەها جەختی کردەوە ئەمیر حسێن لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەکانی زیندان کوژراوە. 
هەر لەم پێوەندییەدا یەکێکی تر لە نزیکانی بنەماڵەی حاتەمی وتی، "ئەمیر حسێن" رۆژی ٢٦ی خرمانانی ١٤٠٠ ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دراوە و رۆژی ١ی خەزەڵەوەری ئەمساڵ بە هۆی کوتران و برینی زۆری ئەشکەنجەی مەئموورانی بەندیخانە گیانی لەدەستداوە. 
شایانی باسە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بەندکراوێکی دیکەی کورد،  بە ناوی "شاهین ناسری" لە بەندیخانەی تارانی گەورە کوژرا کە کاتی خۆی شاهیدی ئەشکەنجەی نەوید ئەفکاری ببوو. بە وتەی شاهیدان رێکەوتی ٢٢ی خرمانانی ١٤٠٠ ناوبراو لە تیپی ٥ی بەندیخانەی تاران بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرابۆوە و رێکەوتی ٣٠ خرمانانی ١٤٠٠ تەرمی شاهین ناسری لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی تارانەوە رەوانەی پزیشکی قانونی کرابوو. 

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە بەندی ٥ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکرێ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 

هەروەها پێویستە ئاماژە بەمە بکەین حکومەت بەرپرسە لە بەرامبەر ئەمنییەت و ئاسایش و تەندروستی شارۆمەندان بەتایبەت بەندکراوان کە هیچ پەنایەک شک نابەن و بەرپرسایەتی گیان و ژیانیان دەکەویتە ئەستۆی حکومەت و دامودەزگای داد و بەڕێوەبەرانی یاسا. لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو، حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاسا پارێزەری مافەکانی خەڵکن کەچی لە ئێران بەپێچەوانەیە و رێک بە پێی یاسا و بە دەستی بەڕێوەبەرانی یاسا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێ. 
 

02:17 - 25/9/2021 نوێ کراوەتەوە.