هەواڵ

سنە: مەرگی گوماناوی ژنێک 

12:17 - 4/12/2021

سنە: مەرگی گوماناوی ژنێک 

بەپێی راپۆرتێک کە هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رەوانەیان کردووە، ژنێکی کورد خەڵکی سنە بە ناوی "سەحەر مرادی" تەمەن ٣٣ ساڵ و کچی "شەوبۆ" و "ئیسماعیل" دوێنی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (٣ی دیسەمبری ٢٠٢١)، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە. 


لەم راپۆرتەدا هاتووە، هاوسەری "سەحەر" ٢ ساڵ لەوەپێش بە هۆی وەستانی دڵی گیانی لەدەستداوە. و "سەحەر"یش بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی نانی کردووە و لەم رێگایەوە خۆی دوو منداڵەکەی بەخێو کردووە. 

سەرچاوەیەک ئاگادار کە نەوێستووە ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاندووە، پێرێ شەو واتە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، "سەحەر" بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ کوڕێک لەلایەن براکەیەوە وەبەر چەقۆ دراوە و بە توندی بریندار بووە. دواتر سەحەر بۆ بەشی "ئای سی یوو"ی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گوازراوەتەوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بووە. بەڵام براکەی چووەتە نەخۆشخانە بە دوور لە چاوی پزیشک و پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانە خۆی گەیاندووەتە ئەو بەشە و "سەحەر"ی کوشتووە. 

هەروەها سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی "مرادی" رێکخراوی مافی مرۆڤی هانای ئاگادار کردەوە، سەحەر مرادی لە رێگای خواردنی دەرمانەوە خۆکوژی کردووە. 

12:26 - 4/12/2021 نوێ کراوەتەوە.