هەواڵ

سنە: پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوشتنی "سەحەر مرادی" لەلایەن براکانییەوە 

11:17 - 5/12/2021

سنە: پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوشتنی "سەحەر مرادی" لەلایەن براکانییەوە 

هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سنەوە هەواڵی کوشتنی "سەحەر مرادی" خەڵکی ئاوایی "باوەرێز" لە ناوچەی سنە کە رۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدابوو، پشتڕاست کردەوە کە لەلایەن براکانییەوە کوژراوە. 


هەر وەک دوێنێ شەممە ١٣ی سەرماوەز لە راپۆرتێکدا رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا مەرگی سەحەر مرادی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ هاوکارانی هانا لە سنەوە ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە ئەم شارۆمەندە بە دەستی براکانی خۆی کوژراوە. 

هەواڵنێری هانا لە سنەوە لەم بارەوە رایانگەیاند، ساڵیانی ساڵە ژنان و کچان لە سەرزەمینە دەبنە قوربانی قەتڵی نامووسی و بە دەستی باوک و برا و هاوسەر و پیاوانی بنەماڵەوە گیانیان لێ دەستێندرێ و ژیانیان پێوە رەوا نابینن. ئەم کارەساتەش کۆتایی نایا چونکە کۆمەڵ و یاسا پشتیوانی لە سیستەمی پیاومەزنی دەکەن و ئەمەش پەرەپێدەری ئەم جیانەتانەیە. 

رۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لە ئاوایی "باوەرێز" لە ناوچەی سنە ژنێکی ٣٠ ساڵان بە ناوی "سەحەر مرادی" و دایکی دوو منداڵ بە دەستی براکانی کوژرا. سەحەر دوو ساڵ لەوەپێش هاوسەرەکەی بە هۆی وەستانی دڵ لەدەستدابوو و لە رێگەی نان کردنەوە، خۆی و منداڵەکانی بەخێو دەکرد. ناوبراو شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ کوڕێک لەلایەن براکەیەوە دەدرێتە بەر چەقۆ و بە سەختی بریندار بووە و دواتر بۆ بەشی "ئای سی یوو"ی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گوازراوەتەوە و لە ژێر چاوەدێری وردی پزیشکیدا بووە. بەڵام براکەی چووەتە نەخۆشخانە بە دوور لە چاوی پزیشک و پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانە خۆی گەیاندووەتە ئەو بەشە و "سەحەر"ی کوشتووە. 

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، نزیکەی ١٠ ساڵ لەوەپێش برای سەحەر بە ناوی "ئومید مرادی" هاوسەرەکەی خۆی بە ناوی "ساریسا مرادی" تەمەن ٢٠ ساڵ، تەنیا لەبەر ئەوەی بە تەلەفون لەگەڵ کەسێکی تر قسەی کردبوو لە ماڵێ کردبووە دەرەوە. دواتر ئومید لەگەڵ برای هاوسەرەکەی واتە "سامان مرادی" چووبوون "ساریسا"یان کوشتبوو. 

شایانی باسە، براکانی سەحەر مرادی سەرەڕای ئەوەی ئەو قەتڵەیان کردووە ئازادانە دەخولێنەوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یاسایی بۆ داواکردنیان لەلایەن ناوەندەکانی بەڕێوەبەری یاساوە دەرنەچووە و بەو بۆنەوە ئەوان غەڕا بوون و هەڕەشە لە چالاکانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن.