هەواڵ
مێهران: گیانلەدەستدانی شارۆمەندێک و بریندار بوونی هاوسەرەکەی بە هۆی تەقینەوەی گوللـە خۆمپارە
01:33 - 10/11/2021
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا: رۆژی چوارشەممە ١٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠ – (١٠ی نوامبری ٢٠٢١)، بە هۆی تەقینەوەی گوللـە خۆمپارەی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق دوو شارۆمەندی کورد کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتووە، پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە کاتی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە و پاشماوەکانی شەڕ ، گوللـە خۆمپارەیەک تەقیوەتەوە و بەداخەوە ئەو شارۆمەندە بە ناوی "قەیتاس قەیتاسی" گیانی لەدەستداوە و ژنەکەش بە توندی بریندار بووە.
شایانی باسە خەڵکی مێهران لە هەمبەر ئەم رووداوە و قوربانی بوونی شارۆمەندان بە هۆی مین و بۆمب و گوللـە تۆپ و خۆمپارەی پاشماوەی سەردەمی شەڕ لەو ناوچەیە، هەرەوەها لە چنگ بارودۆخی نالەباری ئابووری کە خەڵک ناچار بەم جۆرە کارە مەترسیدارانە دەکا، کاردانەوەیان لە خۆیان نیشان داوە و لەم بارودۆخە نیگەران و ناڕازین.
هەژاری و بێکاری کە داوێنی کۆمەڵی کوردستانی گرتووە، خەڵکی کوردی وەها خستووەتە تەنگانەوە کە بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان پەنا بۆ مەترسیدارترین کار بەرن و حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش نەتەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە نادات، بەڵکوو هیچ بەرپرسایەتییەک لە ئاست قوربانییانی ئەم رووداوانە وەئەستۆ ناگرێ.
ئەم بارودۆخە ژاناوییەی هەژاری و بێکاری لە کوردستان و هەموو ئەو رووداوە تاڵ و دڵتەزێنانە لە حاڵێکدایە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران بە میلیارد میلیارد دۆلار داهات و دارایی ئەم وڵاتە بۆ دەستە و گوروپە ترۆریستەکانی لە وڵاتانی جۆراوجۆر بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە و هەڵگیرسانی شەڕ رەوانە دەکا و بەرپرسانی حکومەتیش لە راگەیاندنەکان بە فەخرەوە باسی دەکەن.
01:50 - 10/11/2021 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- بریندار بوونی دوو شارۆمەندی خەڵکی کرماشان بە هۆی تەقەی هێزەئەمنیەکان
- مەحکوم بوونی شارۆمەندێکی خەڵکی کرماشان بە ٦ مانگ زیندان و سزای نەخدی
- دەستبەسەر کرانی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی گیلانغەرب لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە
- دەستبەسەر کرانی شارۆمەندێکی دیکەی خەڵکی مەڵەکشا لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە
- ئیلام ؛ دەستبەسەر کرانی شارۆمەندێکی کورد لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە