ئامار

گیانلەدەستدان و بریندار بوونی ٢١٢ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢١دا 

08:02 - 31/12/2021

گیانلەدەستدان و بریندار بوونی ٢١٢ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢١دا 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا ئاماری رووداوەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی کۆ کردووەتەوە و بڵاوی دەکاتەوە. ئەم ئامارە بە کاری چڕوپڕ و بەوپەڕی هەوڵی هاوکارانی هانا ئامادە کراوە. دیارە بێ گومان بە هۆی بوونی کەشی داخراو، خەفەقان و سانسۆڕ لە ئیران، لەوانەیە هەموو رووداو و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەم ئامارەدا تۆمار نەکرێ. 


ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لەم بەشەدا، ئاماری گیانلەدەستدان و بریندار بوونی کۆڵبەران لە هەرچوار پارێزگاکەی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا کە لێرەدا تۆمار کراون بڵاودەکاتەوە. 

بەپێی ئەم ئامارە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سەر یەک ٢١٢ شارۆمەندی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون. هەموو ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون لە باری رەگەزەوە نێرینەن. 
لە کۆی ٢١٢ کەس، ٦٤ کەس کوژراون و ١٤٨ کەسیش بریندار بوون. لە خوارەوە سەرنجتان بۆ جیا کردنەوە و وردەکاری زیاتر رادەکێشین. 

کۆڵبەرانی کوژراو و گیانبەختکردوو: 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون ٣٦ کەسە. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە رووداوی سرووشتی وەک (سەرما، بەستەڵەک و بەفر و بۆران، کەوتنەخوارەوە لە هەڵدێر و شاخەکان) گیانیان لەدەستداوە ١٤ کەسە. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە رووداوی رێگاوبان و هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە ١٢ کەس. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانیان لەدەستداوە ٢ کەس. 

کۆڵبەرە بریندارەکان: 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون ١١٠ کەسە. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە هۆی رووداوی هاتوچۆ و رێگاوبان بریندار بوون ١٧ کەس. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون ١١ کەس. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە رووداوی سرووشتی وەک (سەرما، بەستەڵەک و بەفر و بۆران، کەوتنەخوارەوە لە هەڵدێر و شاخەکان) بریندار بوون ٧ کەس. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون ٣ کەس. 

بەرزترین و زۆرترین ئاماری کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢١دا لە شار و ناوچەکان بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

بانە     ٦٠ کەس ٪٢٨.٣ 
پاوە     ٢٦ کەس ٪١٢.٣ 
مەریوان     ٢٢ کەس ٪١٠.٤ 
سەلاسی باوەجانی     ١٧ کەس ٪٨ 
سەردەشت     ١٧ کەس ٪٨ 
پیرانشار     ١٣ کەس ٪٦.١ 
ورمێ     ١٢ کەس ٪٥.٧ 
سەقز     ٩ کەس ٪٤.٢ 
چاڵدران     ٧ کەس ٪٣.٣ 
سەڵماس     ٥ کەس ٪٢.٤ 
بۆکان      ٣ کەس ٪١.٤ 
خۆی     ٣ کەس ٪١.٤ 
رەوانسەر     ٣ کەس ٪١.٤ 
کامێران     ٢ کەس ٪٩. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدار و بەرهەمی بێکاری و هەژاری سیستماتیک و بەردەوامە لە کوردستان و خەڵک لە رووی ناچارییەوە پەنایان بردووەتە بەر کۆڵبەری. لەگەڵ ئەوەیدا بەرپرسانی حکومەت هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری گرفتی بەڕێچوونی خەڵکی کوردستان نادەن، بە پێچەوانە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانیان کردووە بە هەواڵی ئاسایی و رۆژانە و ئەمەش بۆ خەڵکی کوردستان مەترسیدارە. هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە شێوەی راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و رۆژی ژمارەیەک دەکوژن و بریندار دەکەن. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٣١ی دیسەمبری ٢٠٢١ 

 

بۆ بینینی ئامار لە پەڕەیەکی نوێ، کلیک بکە.

11:51 - 3/1/2022 نوێ کراوەتەوە.