ئامار

راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان - ساڵی ٢٠٢١ 

04:33 - 1/1/2022

راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان - ساڵی ٢٠٢١ 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێک لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندانی کورد لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە کوردستانی ئێران بڵاودەکاتەوە. 


بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی ئێران و کوردستان ئەم ئامارە هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان لە خۆ ناگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ناوخۆی کوردستانەوە لەم راستایەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر راستیی هەواڵەکان و تۆمار کردنیان داوە. 
بە پێشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٥٠٠ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون. لە ساڵی رابردوودا لانیکەم ٤٤ کەس لە سێدارە دراون. هەروەها ١٠ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. ٢١٤ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون. ٨٣ کرێکار لە کاتی کار کردندا و بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە ٣٠ کەس بە هۆی تەقینەوە مین کوژراون و بریندار بوون. زیاتر لە ٣٠ ژن بە بیانووی شەرەف و نامووس کوژراون. ١١٥ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

دەستبەسەرکراوەکان: 
لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٥٠٠ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ٤٨٧ کەس لەو شارۆمەندانە بۆ هانا ئاشکرایە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەروەها چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون. 
بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی گشتی دەستبەسەرکراوەکان ٣٦٢ کەس بە تۆمەتی سیاسی، ٧٩ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٢١ کەس بە تۆمەتی چالاکی ژینگەپارێزی، ١٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی کرێکاریی، ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی ژنان و ٩ کەسیش بە تۆمەتی ئایینی بوون. 
زۆربەی ئاماری دەستبەسەرکراوەکان، لە ساڵی رابردوودا بە پێی رێژەی دەستبەسەرکراوان لە شارەکان بەم جۆرە پلەبەندی کراون: بانە، مەریوان، سنە، پیرانشار، مهاباد، کرماشان، ورمێ، بۆکان، شنۆ، پاوە، سەقز، سەردەشت، سەلاسی باوەجانی، نەغەدە، دیواندەرە، کامێران، سەڵماس، سەوڵاوا، چاڵدران، دێهلوڕان، جوانڕۆ، رەبەت، ئیلام، سەرپێڵی زەهاو، رەوانسەر، خۆی، هەرسین، دێولان، قوروە، مێهران و دەڕەشار. 

سێدارە: 
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٤٤ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لە ساڵی رابردوودا بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی حەیدەر قوربانی بە تۆمەتی سیاسی لە سێدارە دراوە. باقی لەسێدارەدراوەکانی تر ٢٧ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست (قەتڵی عەمد) و ١٦ کەسیش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە. 

بەندیخانە: 
لە ساڵی ٢٠٢١دا لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران زۆڵمی زۆر لە بەندکراوەکان کراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونی کراون، هەروەها بێبەش کردنی بەندکراو لە دەستڕاگەیشتن بە پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر، بێبەش کردنی لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵە، نەدانی پشوو لە هەوای ئازاددا و هەروەها گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندی موعتاد و تۆمەتبارە کۆمەڵایەتییەکان. 
لە ساڵی رابردوودا ١٠ کەس لە شارۆمەندانی بەندکراوی کورد لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە کە ناوەکانیان بەم جۆرەیە: 
١.بەهمەن عوقابی ٢. مێهرداد تاڵشی ٣. ئەمیر رەزایی ٤. رەحمان ئەحمەدیان ٥. یاسر مەنگوڕی ٦. شاهین ناسری ٧. ئەمیر حسێن حاتەمی ٨. خوسرەو جەماڵی ٩. داود رەحیمی ١٠. ئەسعەد رامین 

کۆڵبەران: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، ٢١٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٦٥ کەس لەوانە گیانیان لەدەستداوە و ١٤٩ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ژمارەیە ١٤٦ کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون یا بریندار بوون. زۆربەی ئاماری ئەم رووداوانە لە شار و ئاواییەکانی سەر سنوور هاتوونە ئاراوە کە رێژەی بەشێک لە شارەکان بەم جۆرەیە: بانە ٦٠ کەس، پاوە ٢٦ کەس، مەریوان ٢٢کەس، سەلاسی باوەجانی ١٧ کەس، سەردەست ١٧ کەس، پیرانشار ١٣ کەس، ورمێ ١٢ کەس، سەقز ٩ کەس، چاڵدران ٧ کەس، سەڵماس ٥ کەس...  

ژنان: 
لە ساڵی رابردوودا لانیکەم ٤٠ شارۆمەندی ژن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون. لەم ژمارەیە ٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٣ کەس بە تۆمەتی چالاکی لە بواری ژناندا، ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی ژینگەپارێزی و ٢٤ کەس بە تۆمەتی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون. 

قەتڵی شەرەف: 
لە ساڵی رابردوودا بەداخەوە لانیکەم ٣٠ شارۆمەندی ژن بە بیانووی شەرەف و نامووس لەلایەن بنەماڵەی خۆیان، باوک، برا و هاوسەرەوە کوژراون. 

خۆکوژی: 
 بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە ساڵی رابردوودا لانیکەم، ١١٥ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. زۆربەی خۆکوژییەکان بە هۆی باری خراپی بەڕێچوون و هەژاری و بێکارییەوە بووە. 

تەقینەوە مین: 
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە ساڵی رابردوودا لانیکەم، ٣١ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و مینی چێنراوی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران، گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون. لە کۆی ئەم ٣١ کەسە، ١٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش بریندار یا ئەندامی لەشیان لەدەستداوە. زۆربەی قوربانیانی مین لە کۆڵبەران، کاسبکاران، جوتیار و وەرزێڕانی کورد پێکهاتوون. 

کرێکاران: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٨٣ کرێکار لە کوردستان لە کاتی کار کردندا و بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. 

ژینگە: 
لە ساڵی ٢٠٢١دا چالاکانی بواری ژینگەش لە ژێر گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامیدا بوون و بە جۆرێک کە ٢١ کەس لە چالاکانی ژینگە دەستبەسەر کراون و ٣ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە ژن بوون. هەروەها لە ساڵی رابردوودا ٤ کەس لە چالاکی ژینگە بە هۆی رووداوی هاتوچۆ و رێگاوبان گیانیان لەدەستداوە. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٣١ی دیسەمبری ٢٠٢١ 
١٠ی بەفرانباری ٢٠٢١ 

پشتبەستن بەم ئامارە بە ئاماژە کردن بە سەرچاوەکەی ئازادە. 

 
 

بۆ بینینی ئامار لە پەڕەیەکی نوێ، کلیک بکە.

11:51 - 3/1/2022 نوێ کراوەتەوە.


زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:

بابەتی پەیوەندیدار
ئاماری ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان - ساڵی ٢٠٢١راپۆرتی ساڵانەئامارئاماری کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ساڵی ٢٠٢١ئاماری ساڵانەی سێدارە لە کوردستانئاماری لە سێدارەدراوانی ٣ مانگی یەکەم ساڵی ٢٠٢١ لە پارێزگاکانی کوردستانئاماری قوربانیانی کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢١دا ، ١٠٩ کۆڵبەر بوونە قوربانی، کورد، کوردستانئاماری قۆڵبەستکراوانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران. مافی مرۆڤ، کورد، کوردستان،کوردستان