هەواڵ

پیرانشار: سەپاندنی ساڵێک بەندکران بە سەر کۆڵبەرێکی برینداردا 

07:02 - 22/1/2022

پیرانشار: سەپاندنی ساڵێک بەندکران بە سەر کۆڵبەرێکی برینداردا 

هاوکارانی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، رۆژی شەممە ٢ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٢٢ی ژانوییەی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی پیرانشار بە ناوی "زاهیر دانا" دوای ئەوەی بە تەقەی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لاقی بریندار کرابوو، ساڵێک بەندکرانیشی بە سەردا سەپاوە. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم شارۆمەندە کوردە لەلایەن دادگای "شۆڕش"ی حکومەتەی ئیسلامی ئێرانەوە لە پیرانشار، ئاگادار کراوەتەوە کە ساڵێک بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە. 
ناوبراو لە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سەر سنووری پیرانشار تەقەی لێ کرابوو و لاقی بریندار ببوو و دوای ٨ مانگ برینەکەی ساڕێژ بۆتەوە. "زاهیر دانا" دوای بریندار کردنی بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە گرتووخانە دەستبەسەر بووە و پاشان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کراوە. 
بەپێی ئەم راپۆرتە، زاهیر دانا باوکی دوو مناڵە و نیشتەجێی پیرانشارن. ناوبراو بە هۆی بێکاری بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی دەستی داوەتە کۆڵبەری و لە ماوی بریندار بوونیشیدا هیچ جۆرە یارمەتی و خزمەتگوزارییەکی دەوڵەتی نەکراوە.  

07:08 - 22/1/2022 نوێ کراوەتەوە.