هەواڵ

سنە: بڕیاری دادگا لەسەر بێ تاوانبوونی باوکێک کە کچەکەی خۆی لە ئاگردا سووتاندبوو  

08:20 - 10/5/2022

سنە: بڕیاری دادگا لەسەر بێ تاوانبوونی باوکێک کە کچەکەی خۆی لە ئاگردا سووتاندبوو   

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، "حەبیب مەلەکی نیا" باوکی "فائیزە مەلەکی نیا" ئەو کچەی کە پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەواڵی کوژرانی لەلایەن باوکییەوە بڵاوکردبۆوە، لە دادگای سنە بێ تاوان راگەیەندراوە و ئازاد کراوە. 


"فائیزە مەلەکی نیا" تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "کوڕکوڕە" لە ناوچەی سنە، رۆژی شەممە ١٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لەلایەن باوکی خۆیەوە بە بیانووی پاراستنی شەرەف و نامووس ئاگری تێبەردرابوو. ناوبراو پاش ٧ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ برینەکانی کە ٧٥ لە سەدی لەشی سووتابوو، سەرئەنجام گیانی لەدەستدا. 

هەرچەندە راگەیەندنەکانی حکومت مەرگی "فائیزە"یان وەک خۆسووتاندن بڵاوکردبۆوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" و پزیشکی تایبەتی "فائیزە" بە ناوی دوکتور "ئیمان نەوابی" ئاگردان و کوشتنی ناوبراویان لەلایەن باوکییەوە پشتڕاست کردبۆوە. 

شایانی باسە، بەپێی یاسای سزا ئیسلامییەکان باوکێک کە رۆڵەکەی خۆی بکوژێ، لە ئەگەری تاوانبار بوونیدا دادگا سزای دانی دییە و بەندکرانی بەسەردا دەسەپێنێ. 
گەلێک جار روویداوە باوکەکان دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەگەر باوک رۆڵەی خۆی بکوژی لەسێدارە نادرێ، رۆڵەکەی خۆیان بە ئەنقەست کوشتووە. 
لەلایەکی دیکەوە لە یاساکانی ئێراندا، بوارگەلێک رەچاوگیراوە ئەگەر کەسانێک دەستبدەنە "قەتڵی نامووسی" سزای قورسیان بەسەردا ناسەپێنن. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەمە بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ کاری توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەروەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵ بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی و پشتاوپشت دەپارێزرێ و پەرەدەستێنێ. 

ئێمە رۆژ نییە لە زمانی دەسەڵاتدار و ئاخوندەکانەوە پڕوپاگەندەی دژ بە ژنان نەبیستین، رۆژ نییە لە شەقامی شارەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی، بەسیج و "لیباس شەخسی" ژنان نەدرێنە بەر ئەشکەنجە و ئازار و سووکایەتی. رۆژ نییە لە دامودەزگای راگەیاندنی حکومەتی ئێرانەوە مێشکی خەڵک بە تەبلیغات دژی ژنان نەئاخنن. ئەمانە و گەلێک بەندی یاسایی پاڵنەر و سەرچاوەی سەرەکی ئەم توندوتیژییانەن کە رۆژانە دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەچێ. 

ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات. 

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان لە ئەستۆی حکومەتە. بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لە خوارەوە بەندەکانی ٣، ٨ و ٢٢ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک خۆی دێنین. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 

بەندی ٨- هەر مرۆڤێک کە مافی پێشێل دەکرێ و ئەو مافانە لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا یان یاسای دیکە وەک مافی سەرەتایی ئینسان پەسند کراون و دانیان پێدانراوە، حەقی خۆیەتی دەستی بە دادگای نەتەوەیی و باوەڕپێکراو رابگا و هانای بۆ بەرێ و داوای پێڕاگەیشتن بە سکاڵاکەی بکا. 

بەندی ٢٢- هەر کەسێک وەک ئەندامێکی کۆمەڵگا مافی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی هەیە و بۆی هەیە لە رێگای هاوکارییە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانەوە، ئەو مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانەی بۆ پاراستنی ئابڕوو و کەڕامەت و گەشە کردنی ئازادیی کەسایەتی خۆی پێویستنی، بە سەرنجدان و لەبەرچاوگرتنی رێکخراوە و سەرچاوەکانی وڵات وەدەستیان بێنێ. 

 
 

08:47 - 10/5/2022 نوێ کراوەتەوە.