ئامار

کوشتن و بریندار کردنی لانیکەم ٥٣ کۆڵبەر لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا 

08:31 - 2/5/2022

کوشتن و بریندار کردنی لانیکەم ٥٣ کۆڵبەر لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری قوربانی بوونی کۆڵبەران لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئامادە کردووە کە بە هەوڵ و ماندووبوونی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کۆکراوەتەوە.  لە خوارەوە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ئەم ئامارە رادەکێشین: 

 

لە مانگی ئاپریلدا لانیکەم ٥٣ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کوژرا و بریندار بوون. 
هەموو ئەو کەسانەی کوژرا و بریندار بوون لە رەگەزی نێرەنەن. 
لە کۆی ئاماری ئەم ٥٣ کەسە، ٥ کەسیان کوژراون کە ٤ کەس لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوورەکانی کوردستان پێکراون و لە ئاکامدا گیانیان لەدەستداوە. کۆڵبەرێکیش بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە کە ئەویش لە کاتی راوەدوونانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە گوشاری بۆ هاتبوو.  

لە مانگی ئاپریلدا ٤٨ کۆڵبەر بریندار بوون. لە کۆی ئاماری ئەم بریندارانە ٤٦ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هیزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنوورەکان بریندار بوون و ٢ کۆڵبەریش بە هۆی رووداوی سروشتی و رووداوی هاتوچۆوە بریندار بوون. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١ی مەی ٢٠٢٢ 

10:30 - 3/5/2022 نوێ کراوەتەوە.