هەواڵ

مەلەکشاهی: هێزە ئەمنییەکان ٨ شارۆمەندی کوردیان دەستبەسەر کرد 

05:25 - 21/5/2022

مەلەکشاهی: هێزە ئەمنییەکان ٨ شارۆمەندی کوردیان دەستبەسەر کرد 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە رۆژانی رابردوودا هەشت کەس لە شارۆمەندانی کورد لە مەلەکشاهی لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی سێشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠١-(١٧ی مەی ٢٠٢٢)، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی "حەسەن غوڵامی" تەمەن ٢١ ساڵ و "موحسین باولەکی" تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی بەشداری کردنیان لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی رابردوو بە گرانی و چوونەسەری نرخەکان دەستبەسەر کراون. 

هەروەها رۆژی چوارشەممە ٢٨ی گوڵان هێزە ئەمنییەکانی حکومەت پێنج شارۆمەندی تری خەڵکی مەلەکشاهی و نیشتەجێی "مێهران"یان بە زەبری ئەشکەنجە و ئازار لە ماڵێ هێناوەتەدەر و دەستبەسەریان کردوون. ناوی ئەم شارۆمەندانە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

١. روحوڵڵا ئەرغەندە تەمەن ٢٧ ساڵ 
٢. یەحیا ساڵحی تەمەن ٣٢ سال 
٣. مەسعوود مامی 
٤. جابر میرزایی 
٥. فەرشاد خەمان 

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵان "مەسعوود مامی" پاش رۆژێک بەندکران بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە بەڵام ئەو بەندکراوانەی دیکە بۆ شوێنێکی تر گوازراونەوە کە ئاشکرا نییە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، رۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گوڵان هێزە ئەمنییەکانی حکومەت "روحوڵڵا درەخش" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی "مەلەکشاهی"یان رفاندووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە. 

شایانی باسە ئەم شارۆمەندانە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەوتوونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی زۆر و بەپێی ئەم راپۆرتە دوو پەراسووی روحوڵلا ئەرغەندە لە ژێر ئەشکەنجەدا شکاون و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە و بەپێی بڕیاری دادگا بۆ ماوەی مانگێک لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام دەستبەسەر دەکرێ. 

لێرەدا پێویستە ئەمە بگوترێ، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵک لە مەلەکشاهی و باقی شارەکانی ئێران دژ بە گرانی و باری خراپی بەڕێچوون و ژیانی خەڵکە و لە حاڵێکدا خۆپیشاندان مافی سەرەتایی مرۆڤە، هێزەکانی حکومەت بە توندترین شێوە بەرەڕووی خەڵکی ناڕازی بوونەوە و لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی حکومەت لە خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆر خەڵک بریندار و گیانیان لەدەستداوە کە ناوی ٦ کەس لە گیانبەختکردووانی ئەم ناڕەزایەتییانە لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"وە پێشتر بڵاوکراوەتەوە. بەپێی توندوتیژییەک کە هێزەکانی حکومەت بەرامبەر خۆپیشاندەرانیان نواندووە و ئەزموونی پێشوو، پێدەچێ رێژەی شارۆمەندانی بەندکراو لەوە زیاتر بێ. 

05:45 - 21/5/2022 نوێ کراوەتەوە.