ئامار

راپۆرتی مانگانەی "هانا" لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان – (ئاپریلی ٢٠٢٢) 

09:59 - 3/5/2022

راپۆرتی مانگانەی "هانا" لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان – (ئاپریلی ٢٠٢٢) 

هانا: ناوەندەی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتەوە لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدە پێویستە بڵێین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران و کوردستان کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و رووداوەکان لە کەشێکی ئازاددا ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە. 


بە پێشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٣ کەس لە شارۆمەندانی کورد دەستبەسەر کراون، ٥٣ کۆڵبەر کوژرا و بریندار بوون، ٢ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٢ هاووڵاتی کوردیش بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و بریندار بوون و هەرەوەها لانیکەم ٩ کەسیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

بەندکراوان: 
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٣ کەس لە شارۆمەندانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون. 
ناسنامەی ئەو کەسانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و لە بەشی ناوەندی ئاماریشدا تۆمار کراون. هەموو ئەم شارۆمەندانە بە تۆمەتی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی و هەروەها چالاکی کرێکاری، مەدەنی فەرهەنگی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون. 
بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەم ٤٣ کەسە دەستبەسەرکراوە ١٦ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی، ١٥ کەس بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری، ١١ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و پیشەیی و کەسێکیش بە تۆمەتی چالاکی لە بواری مافەکانی ژناندا. 

کۆڵبەران:  
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون. 
لە کۆی ئەم ئامارە، پێنج (٥) کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەستداوە  و ٤ کەس لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوورەکانی کوردستان پێکراون و لە ئاکامدا گیانیان لەدەستداوە. کۆڵبەرێکیش بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە کە ئەویش لە کاتی راوەدوونانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە گوشاری بۆ هاتبوو.  
هەروها لە مانگی ئاپریلدا لە کۆی ئەم ٥٣ کۆڵبەرە لە مانگی ئاپریلدا ٤٨ کۆڵبەر بریندار بوون. لە کۆی ئاماری ئەم بریندارانە ٤٦ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هیزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنوور بریندار بوون و ٢ کەسیش بە هۆی رووداوی سروشتی رێگاوبانەوە بریندار بوون. 

ژنان: 
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون و هەر چواریان بە تۆمەتی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئیران دەستبەسەر کراون. 

خۆکوژی: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا لانیکەم ٩ کەس لە شار و گوندەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. لەم ژمارەیە پێنج (٥) کەسیان ژن و ٤ کەسیان پیاو بوون. ئەم خۆکوژییانە بە هۆکاری خراپ بوونی باری بەڕێچوونی ژیان و کێشەی بنەماڵەوە بوون. 

تەقینەوەی مین: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و هەروەها مینی چێندراو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە، بریندار بوون. 

کرێکاران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا لانیکەم ١٥ کەس لە چالاکانی کرێکاری دەستبەسەر کراون و ٢ کرێکاریش لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بریندار بوون. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١ی مەی ٢٠٢٢ 

تێبینی: پشتبەستن بەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوەکەی ئازادە. 
 

10:32 - 3/5/2022 نوێ کراوەتەوە.