هەواڵ

کرماشان: گیانلەدەستدانی کرێکارێک بە هۆی رووداوی شوێنی کار 

09:18 - 29/5/2022

کرماشان: گیانلەدەستدانی کرێکارێک بە هۆی رووداوی شوێنی کار 

هانا: رۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٨ی مەی ٢٠٢٢)، کرێکارێکی کورد لە کەرەج لە کاتی کار کردن و بەستنی ئاڕماتۆر و چوارچێوەی بینایەک، بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار بەربووەتەوەخوار و گیانی لەدەستداوە. 


ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "فەرشاد عەزیزی" خەڵکی کرماشان راگەیەندراوە. ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێکە. 

شایانی باسە هەر وەک لە راپۆرتەکانی پێشوودا لەلایەن هاناوە بڵاوبۆتەوە، ئەمە دوویەمین کریکارە کە تەنیا لە رۆژی شەممەدا گیانی لەدەستداوە. هەر لەم رۆژەدا کرێکارێکی دیکە بە ناوی "مەتین مەحموودی" لە کاتی کار کردندا لە ورمێ بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستداوە. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن.   

سەرەڕای ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا بە سەر کرێکاراندا سەپاوە، یاسای دژی کرێکاران و پشتیوانی لە کارفەرما و بەرپرسان لەلایەن حکومەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کرێکاران مافی ئەوەیان نەبێ لە ئاست ئەم گشتە بێ مافی و پێشێلکارییەی مافەکانیان و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار ناڕەزایەتی دەربڕن.  

09:30 - 29/5/2022 نوێ کراوەتەوە.