ڕاگەیاندن

بەبۆنەی ١٠ی دیسەمبر رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ 

06:05 - 10/12/2021

بەبۆنەی ١٠ی دیسەمبر رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ 

ئەمڕۆ ١٠ی دیسەمبر رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ رۆژی ١٠ی دیسەمبری ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن کۆمەڵی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا و دوو ساڵ دواتر واتە ساڵی ١٩٥٠ رۆژی ١٠ی دیسەمبر وەک رەمزێک بۆ رێز گرتن لە مافەکانی مرۆڤ و رێز لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، وەک رۆژ جیهانی مافەکانی مرۆڤ دیاری کرا. 


ئەمساڵ لە هەلومەرجێکدا رێز لەو رۆژە دەگرین کە لە ئێران پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە هەموو رۆژێ و سیستماتیک و بەردەوام بەڕێوەدەچێ. سزای سێدارە هەر بەردەوامە و بە دەیان کەس لە بەندیخانەکانی حکومەتدا سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و چاوەڕێی بەڕێوەچوونی سزاکەیان دەکەن. 

بەپێی ئاماری هانا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١وە تا ئەمڕۆ ٤٣ کەس لە کوردستانی ئێران لە سێدارە دراون و کەم نین ئەم شارۆمەندانەش کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و تۆمەتبار کردنیان بە تاوانێک کە ئەنجامیان نەداوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها بەڕێوەچوونی سزای سێدارە بۆ ئەو لاوانەی لە سەردەمی مێرمنداڵیدا تاوانی قەتڵیان دراوەتە پاڵ هەر بەردەوامە. لە کوردستانی ئێران کوشتاری کۆڵبەران و ئازاد کردنی دەستی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بۆ تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران و کوشتن و بریندار کردنیان بە شیوەی سیستماتیک هەر بەردەوامە. 

هەروەها سەپاندنی سزای درێژماوە بۆ چالاکانی سیاسی، چالاکانی ژینگە، ژنان، منداڵان، رۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و مەدەنی تەنیا بە هۆی هەڵسووڕانیان لەم بوارگەلەدا یا بەشداری لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکاندا. جگە لەوانە بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندانی چالاک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، کوشتنی شارۆمەندان لە بەندیخانەکان هەر بەردەوامە. 

بارۆدۆخی مافەکانی ژنان لە ژێر سێبەری یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و پڕوپاگەندەی رۆژانەی میدیا و ئاخوند و کاربەدەستانی حکومەت دژی ژنان ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو خراپترە و قەتڵی ژنان بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامە و بەپێی ئاماری رێکخراوی هانا زیاتر لە ٣٠ ژن لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵێکدا لەلایەن بنەماڵە و هاوسەرەوە کوژراون. 

تەقینەوەی مین لە هەر چوار پارێزگای کوردستان بە بەردەوامی شارۆمەندان و خەڵکی کورد دەکاتە قوربانی. تێکدان و وێران کردنی ژینگەی کوردستان بە خێرایی بەڕێوەدەچێ و هەڕەشە لە ژیان و بەڕێچوونی خەڵک دەکا. 
گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هەتا ئێساش لە سەرەتاییترین مافی خۆی وەک خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندگاکان بێبەشە. ئەم مافە ئەگەرچی لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک ماف بۆ میللەتان و کەمینەکان دانی پێدانراوە و هەروەها لە بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە و ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەر وا لە سەر کاغەز ماوەتەوە و لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە خەڵکی کورد زەوت کراوە. 

بەگشتی دەتوانین بڵێن بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران و پێشێلکردنی ئازادییە دێموکراتیک و کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا لە ساڵان خراپتر و لاوازترە. بەڵام لە بەرامبەردا وەستانەوە و بەرەنگاری خەڵک و چالاکانی مەدەنی بۆ وەدەست هێنانی مافە سەرەتاییەکانیان و بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان بەهێزتر بووە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاودەنگ و هاوڕێ لەگەڵ هەموو چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان هەوڵ دەدا پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەقاو بدا و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، رێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، پارلمانەکان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خەڵکی ئازادیخوازی تێبگەیەنێ. بۆ ئەم ئەرکەش پێویستمان بە هاوکاری زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و چالاکانی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤە لە کوردستان و دەستی هاوکاری و یارمەتیتان بە گەرمی دەکوشین. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١٠ی دیسەمبری ٢٠٢١ 
١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ 


 

06:38 - 10/12/2021 نوێ کراوەتەوە.