هەواڵ

دوکتور ناسر فەهیمی لە بەندیخانەدا هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە

01:05 - 19/6/2022

دوکتور ناسر فەهیمی لە بەندیخانەدا هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە

هانا: "دوکتور ناسر فەهیمی" پزیشکی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورەدا دوێنێ شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠١-(١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. 


بەپێی ئەم راپۆرتە دوکتور ناسر فەهیمی پاش ١٢ ساڵ بەندکران و نزیک بوونەوە لە کۆتایی سزاکەی، رۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان بەرپرسانی بەندیخانە هەڕەشیان لێ کردووە ئەگەر درێژە بدا بە بڵاوکردنەوەی رووداوەکانی ناو بەندیخانە و لەقاودانی راستییەکان دەیکوژن و تەنانەت پاش ئازاد کرانیشی هەر لەبەر دەستیان دەرناچێ. 

دوکتور ناسر فەهیمی لە ماوەی ئەم ١٢ ساڵەدا لە بەندیخانەوە لە رێگای نامە و راگەیاندنەکانییەوە پەردەی لە سەر گەلێک پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لادا و هەروەها لە نامەکانیدا بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەت و دەزگای داد و قەزایی، داوای کردووە لەبەر بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆڕ مافی شارۆمەندی لێ وەرگرنەوە. ناوەندە ئەمنییەکانیش رایانگەیاندووە ئەم داوکارییەی ئەو کایە کردنە بە ئابڕووی نیزامی دەسەڵاتداری ئیسلامی ئێران و بووەتە مایەی تووڕە بوونی بەرپرسانی حکومەت و دامودەزگای قەزایی و هەر بۆیە تا ئێستا چەندین جار لەلایەن مەئمووران و بەڕێوەبەرانی بەندیخانەوە کەوتووەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و هەڕەشەی مەرگی لێ کراوە. 

بەپێی راپۆرتەکان، لە مانگەکانی رابردوودا بنەماڵەی دوکتور ناسر فەهیمی بۆ وێنە براکەی بە ناوی "ئارام فەهیمی" کە وەرزشکار و کەسایەتییەکی خۆشەویستی کوردستانە، لە ژێر گوشاردا بووە و چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتەوە داوا کراوە و هەڕەشەیان لێ کردووە. 

01:10 - 19/6/2022 نوێ کراوەتەوە.