هەواڵ

هەڕەشە و دەستبەسەر کردنی چالاکانی پیشەیی لە کوردستان 

01:21 - 16/6/2022

هەڕەشە و دەستبەسەر کردنی چالاکانی پیشەیی لە کوردستان 

هانا: رۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١-(١٥ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، دەیان کەس لە چالاکانی پیشەیی کوردستان رۆژێک بەر لە بەڕێوچوونی ناڕەزایەتی مامۆستایان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە. 


ناوی ٢٢ کەس لەو مامۆستایانەی کە هەر ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرن بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە کە بەم جۆرەیە: 
سەلاح حسێنی، سەلاح سورخی، محەممەد فەتاحی، عەزیز مەرزی، لوقمان ئەڵڵامرادی، ئەحمەد قادری، کەیوان ئەحمەدی، خالد شێخی، خالد عەبدوڵڵاهی، سولەیمان عەبدی، ئەنوەر فەرەج‌زادە خەڵکی سەقز، هیوا قوڕەیشی، عوسمان رەزایی، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە خەڵکی دیواندەرە، محەممەد رەزا مرادی خەلکی سنە. 

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، فاتح ئەسەدی، رەزا ئەلیاسی، جەبار پاکزاد، سادق کەنعانی و مرێم ئەحمەدی بانگ کراونە ئیدارەی ئیتلاعات. 
هەروەها فاتمە کەریمی و سەلاح حاجی میرزایی هەڕەشەی گرتنیان لێ کراوە. 

شایانی باسە، لە رۆژانی رابردوودا مەجید کەریمی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایان دەستبەسەر کرابوو و دواتر ئازاد کراوە و هێزە ئەمنییەکان کاتێک دەستیان بە سەر موبایلەکەیدا گرتووە، لەو رێگایەوە ژمارە تەلەفونی چالاکانی پیشەیی و مامۆستایانی دیکەیان دەستکەوتووە و تەلەفونیان بۆ کردوون و هەڕەشە یا دەستبەسەریان کردوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا لە چارەنووسی ئەو مامۆستایانی گیراون زانیارییەکی دەستنەکەوتووە. 

شووڕای هاوئاهەنگی رێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران وەک کاردانەوەیەک بە گرتنی مامۆستایان و پێکهێنانی کەشی ترس و سام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رایگەیاندووە: لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، جێگای چۆڵی هاوکارانی بەندکراومان پڕ دەکەینەوە و هەموومان یەکدەنگ خوازیاری ئازادی دەستەبەجێ و بێ شەرت و مەرجی چالاکانی بەندکراو دەبین. 

شایانی باسە، بەپێی راگەیاندنی شووڕای هاوئاهەنگی رێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان، مامۆستایان و مامۆستایانی خانەنیشین بە مەبەستی ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەکرانی یەکسان سازی، پلەبەندی، دەستبەسەرکرانی نایاسایی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی و سیناریۆ و پەروەندەسازی "سەدا و سیما" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن. 
 

01:25 - 16/6/2022 نوێ کراوەتەوە.