هەواڵ
هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەی حزبەکانی کوردستان
11:58 - 29/8/2022
هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، لە ماوەی رابردوودا ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گوشار و زەختیان بۆ سەر بنەماڵەی پێشمەرگەی حزب و لایەنەکانی کوردستانی ئێران هێناوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەی پێشمەرگەی حزبەکانیان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بانگ کردووە و وێڕای هەڕەشە، گوشاریان بۆ هێناون تا زەخت و زۆر بخەنە سەر کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان بۆ ئەوەی لە ریزی پێشمەرگەی حزبەکان بچنەدەر و دەست لە خەبات و چالاکی سیاسی لە دژی ئەو حکومەتە هەڵگرن.
شایانی باسە حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ساڵانی رابردووشدا بۆ بە چۆکداهێنانی خەڵکی کوردستان لەم جۆرە گوشار و زەخت و زۆرانەی خستووەتە سەر بنەماڵە پێشمەرگەی حزبەکانی کوردستان و بە تایبەت لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی خۆیدا بنەماڵەی پێشمەرگەکان و چالاکانی سیاسی جگە لە زیندان و ئەشکەنجە، بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستان دوور دەخستەوە و تەنانەت دەستی بە سەر ماڵ و دارایی گەلێک لەو بنەماڵانەدا گرت.
بەلەبەرچاوگرتنی بەندەکانی ٣، ٥، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ئەم کردەوانەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و مافی شارۆمەندییە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر و بە زۆرملی لە شوێنی ژیانی دوور بخرێتەوە.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری لە سەر بیروبۆچوونەکەی نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
12:36 - 29/8/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- جوانڕۆ:دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە
- پیرانشار:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی ژن لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران
- سەقز:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی ژن لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران
- سەقز:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران
- سەقز:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی دیکە لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران