ئامار

ئاماری بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران – ژوئەنی ٢٠٢٢ 

02:30 - 3/7/2022

ئاماری بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران – ژوئەنی ٢٠٢٢ 

هانا: هانا: ناوەندەی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتەوە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدا پێویستە بڵێین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران و کوردستان کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و رووداوەکان لە کەشێکی ئازاددا ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە. 


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٨٦ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون، ١٣ کەس لە سێدارە دراون، ٢٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، ٧ کرێکار لە کاتی کاردا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم کەسێک بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە، لانیکەم ١٨ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و هەروەها لانیکەم ٢ شارۆمەندی ژن کوژراون. 

بەندکراوان: 
لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٨٦ هاووڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون. 
ناسنامەی هەموو ئەو کەسانەی گیراون بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەروەها بە هۆی چالاکی کرێکاری، پیشەیی و مەدەنی دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەو بەندکراوانە ٣٥ کەس بە تۆمەتی سیاسی، ٤٦ کەس بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی و مەدنی بە تایبەت مامۆستایان، ٢ کەس بە تۆمەتی ئایینی و هەروەها ٣ کەسیش لە کاتی کۆڵبەریدا دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەو ٨٦ کەسە، ٨٢ کەسیان پیاو و ٤ کەسیش ژن بوون. 

سێدارە: 
لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٣ شارۆمەندی کورد بە تۆمەتی محاڕبە، قەتڵی بەئەنقەست و مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون. لەم ژمارەیە کەسێک بە تۆمەتی محاڕبە، ٩ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٣ کەسیش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون. 

کۆڵبەران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا ٢٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون. 
لەم ژمارەیە ٥ کەس کوژراون کە ٢ کەسیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆ و راوەدوونانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامای ئێرانەوە ماشێنەکەیان لە جادە چووبووەدەر و وەرگرابوو و لە ئاکامدا گیانیان لەدەستدابوو. ٣ کۆڵبەر و کاسبکاریش بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ئەنباری سووتەمەنی بە خەستی سووتابوون و پاشان لە نەخۆشخانەی کرماشان گیانیان لەدەستدابوو.
هەروەها لەم مانگەدا ٢٢ کۆڵبەر بریندار بوون. لەم ژمارەیە ١٢ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون، ٤ کەسیان بە هۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون و ٣ کۆڵبەریش بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی بریندار بوون. لەم مانگەدا ٣ کۆڵبەریش دەستبەسەر کراون. 
زۆرترین قوربانی کۆڵبەران لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لە شار و ناوچە و ئاواییەکانی سەر سنوور بوون. پارێزگای سنە ٪٤٨، پارێزگای کرماشان ٪٤٠ و پارێزگای ورمێ ٪١٢ لە رێژەی قوربانیەکانی ئەم مانگە لە خۆ دەگرن. 

ژنان:
لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤ شارۆمەندی ژن لەلایەن هێز و ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەر چوار کەسەکە بە تۆمەتگەلی پیشەیی، کرێکاری، سیاسی و هاوکاری حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران گیراون. 

قەتڵی ناموسی: 
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ ژن لە پێوەند لەگەڵ قەتڵی نامووسی و کێشەی بنەماڵە لەلایەن هاوسەر و کەسوکاری پلە یەکیانەوە کوژراون. 

خۆکوژی: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا لانیکەم ١٨ کەس لە شار و ناوچەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە کە بەداخەوە لەچاو مانگی رابردوو بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لەم ژمارەیە ١٣ کەسیان نێرینە بوون و ٥ کەسیش لە رەگەزی مێیینە بوون. ئەو کەسانەی لە مانگی ژوەئەندا دەستیان داوەتە خۆکۆژی زۆربەیان لاو و تازەلاو بوون. زۆربەی ئەم خۆکوژییانە بە هۆی بارودۆخی خراپی ژیان و بەشێکیش بە هۆی کێشەی بنەماڵەوە بوون. 
لەم ١٨ کەسە، ٨ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ، ٦ لاو، ٣ کەسی کامڵ و ٢ کەسیش بەساڵاچوو بوون. 

کرێکاران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی شوێنی کار و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٢ کەسیان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق گیانیان لەدەستداوە. 

تەقینەوەی مین: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ژوئەنی ئەمساڵدا لاوێکی کورد لە سەر سنوور بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و هەروەها ئەو مینە تازانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە چێندراون، بریندار بووە. 
زۆربەی قوربانیانی مین کۆڵبەران، کاسبکاران و جوتیار و ئاژەڵداری کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی سەر سنوورن. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ 
١ی ژولای ٢٠٢٢ 

www.hana-hr.org   
news@hana-hr.org 


 

03:01 - 3/7/2022 نوێ کراوەتەوە.