بەندکراوان

ورمێ: راپۆرتێک لە دۆخی نالەباری ژنانی بەندکراوی کوردی سوننی 

01:46 - 7/8/2022

ورمێ: راپۆرتێک لە دۆخی نالەباری ژنانی بەندکراوی کوردی سوننی 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە دەستپێکردنی مانگی محەڕەم ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە کاتی بەڕیوەبردنی رەسمی تایبەتی شینگێڕی و لەخۆدان، بیانوویان بە ژنانی سوننی بەندکراو گرتووە چونکە بەشداریی ماتەم و رێوڕەسمەکەیان نەبوون و مەئموورانی بەندیخانەش هانیان داون و وێڕای سووکایەتی زۆر بە ژنانی کوردی سوننی بەندکراو، ئازار و ئەشکەنجەی زۆریان داون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، ژمارەیەک لە ژنانی "تاوانە مەترسیدارەکان"ی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بیانوویان بە ژمارەیەک لە ژنانی کوردی ئەو بەندیخانەیە گرتووە کە گۆیا "سووکایەتی بە رێوڕەسمی محەڕەم" دەکەن و دەستیان کردووە بە لێدان و ئازار دانیان. 

مەئموورانی بەندیخانە کە خۆیان هۆکار، هاندەری ئەم رووداوە بوون دەستیان کردووە بە پەروەندەسازی دژی ژمارەیەک لە ژنانی بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ. 
هاوکارانی رێکخراوی هانا لەم بارەوە رایانگەیاند، لە رۆژانی رابردوودا دوابەدوای جێگۆڕکێی بەرپرسی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، هەموو بەندەکان گەڕاون و پشکنیویانن و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی بەندکراواندا گرتووە. 

02:22 - 7/8/2022 نوێ کراوەتەوە.