ئامار

کوژران و بریندار بوونی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا 

02:56 - 3/7/2022

کوژران و بریندار بوونی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری قوربانی بوونی کۆڵبەران لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئامادە کردووە کە بە هەوڵ و ماندووبوونی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کۆکراوەتەوە. ئەم ئامارە بە هۆی سانسۆڕ و نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری ناتوانی هەموو رووداوەکان لەخۆ بگرێ بەڵام هاوکارانی هانا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە. 


ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لێرەدا ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لە پارێزگا و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوونە قوربانی و لەم ناوەندەدا تۆمار کراون، بڵاودەکاتەوە. 

بەپێی ئەم ئامارە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لەسەریەک ٢٧ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون یا کەوتوونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا بریندار بوون و زیانیان پێ گەیشتووە. 
کۆی گشتی ئەم ٢٧ کەسە لە باری رەگەزەوە هەموویان نێرینەن. 

لە کۆی ئەم ٢٧ کەسە پێنج (٥) کەسیان کوژراون و ١٩ کەس بریندار و ٣ کەسیش دەستبەسەر کراون کە بەم جۆرەی خوارەوە لێک جیا دەکرێنەوە: 

ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە: 

لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆ و راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و وەرگەڕان و دەرچوونی ماشێنی کۆڵبەران لە جادە ٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە. 
لە ئاکامی رووداوە سروشتییەکان (کەوتنەوە ئاگر) ٣ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە. 

بریندارەکان: 
لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ١٢ کەس لە کۆڵبەران بریندار بوون. 
لە ئاکامی رووداوی هاتوچۆدا ٤ کۆڵبەر بریندار بوون. 
لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتدا ٣ کۆڵبەر بریندار بوون. 
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەش کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون ٣ کەسە. 

زۆرترین قوربانی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لە شار و ناوچە و ئاوایی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ بووە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

پارێزگای سنە ٪٤٨ 
پارێزگای کرماشان ٪٤٠ 
پارێزگای ورمێ ٪١٢ 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 

١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ 
١ی ژولای ٢٠٢٢ 

www.hana-hr.org 
news@hana-hr.org 
 

08:25 - 3/7/2022 نوێ کراوەتەوە.