بەندکراوان

چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی سۆماوبرادۆست ٤٠ رۆژە نادیارە 

02:49 - 2/9/2022

چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی سۆماوبرادۆست ٤٠ رۆژە نادیارە 

هانا: چوار چالاکی سیاسی و ئەندامی حزبێکی کوردی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران بە ناوەکانی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی و موحسین مەزلووم سەرەڕای ئەوەی ٤٠ رۆژ لە دەستبەسەرکرانیان تێدەپەڕێ، هێشتاش لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکان بە بێ هیچ جۆرە پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکانیان یا پارێزەر بەند کراون. نەبوونی زانیاری لە سەر چارەنووسی ئەو بەندکراوانە بووەتە مایەی نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاریان. 

 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم چوار شارۆمەندە ئەندامی حزبێکی کوردستانین و بە بیانووی تۆمەتگەلی ئەمنییەتی سەرەڕای تێپەڕینی ٤٠ رۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانیان هێشتاش لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکاندا بەند کراون. 

پژمان فاتحی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی کامێران، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان و موحسین مەزلووم تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی مهاباد، رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات "فراجا" لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێ دەستبەسەر کرابوون. 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، بنەماڵەی ئەم شارۆمەندانە لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگی رابردوودا بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لە سەر چارەنووسی رۆڵەکانیان گەلێک جار سەردانی ئیتلاعاتی بۆکان، مهاباد، ورمێ، کامێران و سنەیان کردووە، بەڵام مەئموورانی ئەمنییەتی وێڕای بێ ڕێزی بە بنەماڵەکانیان هیچ جۆرە زانیارییەکیان لە بابەت چارەنووسی ئەوان پێ نەداون. 

لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا هەواڵنێری تەسنیم سەر بە سپای پاسداران وێڕای راگەیاندنی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەو چوار کەسە رایگەیاندبوو: "تۆڕێک لە کەسانی سەر بە رێکخراوی سیخوڕی ئیسڕائیل شناسایی و هەموویان دەستبەسەر کراون". 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران لە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران کە ئەو بەندکراوانە ئەندامی ئەو حزبەن، لە کاردانەوەدا بە راپۆرتی راگەیاندنەکانی نزیک بە ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە توێی راگەیاندنێکدا ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم چوار بەندکراوەی کە لە سەرەوەی ناوەکانیان هاتووە، رەت کردەوە و رایگەیاند ئەمە سیناریۆسازی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتە لە دژی ئەو چوار کەسە. 

هەر لەم پێوەندییەشدا کەمپەینێک بە ناوی: "نا بۆ سیناریۆسازی دژی چوار بەندکراوی سیاسی کورد" دەستی بە کار کردووە کە پێیان وایە ئەو بەندکراوانە لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری زۆر دان تا بە زۆرەملی ناچار بە ئێعتڕاف و دانپێدانیان بکەن بۆ ئەوەی حکومەتی ئێران بتوانێ لە رێگای ئەم سیناریۆییەی کە لە پێشدا بەرنامەکەی داڕشتووە بەم دانپێدانانە زۆرەملیانە جێبەجێی بکات. 
 

09:38 - 3/9/2022 نوێ کراوەتەوە.