هەواڵ

سەقز: برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزەکانی حکومەت 

02:40 - 18/9/2022

سەقز: برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزەکانی حکومەت 

هانا: رۆژی شەممە ٢٦ی خرمانانی ١٤٠١، لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی خەڵک بە کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە سەقز ژمارەیەک لە شارۆمەندان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.

 

رۆژی شەممە ٢٦ی خرمانانی ١٤٠١، لاوێکی کورد بە ناوی نێچیروان مەعڕوفی تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی خالید و خەڵکی ئاوایی تورجان لە ناوچەی سەقز، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا) لە بەر فەرمانداری ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە چەکی ساچمەیی چاوی پێکراوە و بریندار ببوو. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، نێچیروان مەعڕوفی بە هۆی کاریی بوونی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی تەورێز کرابوو و رۆژی یەکشەممە ٢٧ی خرمانان نەشتەرگەری بۆ کراوە. 

هەر لەم پێوەندییەدا رۆژی شەممە ٢٦ی خرمانان «کیان درەخشان» لە  خۆپیشاندەرانی ناڕازی بە کوشتنی #ژینا_ئەمینی لە #سەقز بە تەقەی هێزەکانی چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوو کە پێشتر مافی مرۆڤی هانا بریندار بوونی «کیان درەخشان»ی راگەیاندبوو.

هەروەها لە راپۆرتێکی تردا کە رۆژی شەممە "هانا" هەواڵی بریندار بوونی «ئەمیر عیبادی» تەمەن ٢٢ ساڵ لە  خۆپیشاندەرانی ناڕازی بە کوشتنی #ژینا_ئەمینی لە #سەقز بە تەقەی چەکی ساچمەیی هێزەکانی چەکدارەکانی حکومەت راگەیاندبوو. 
جگە لەم سێ کەسە ژمارەیەکی تر لە خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانی سەقز بریندار بوون کە ناسنامەیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 
 

03:23 - 18/9/2022 نوێ کراوەتەوە.