هەواڵ

ناوی شەش گیانبەختکردووی دیکەی کوردستان ئاشکرا بوو 

09:36 - 22/9/2022

ناوی شەش گیانبەختکردووی دیکەی کوردستان ئاشکرا بوو 

لە درێژەی کوشتاری خۆپیشاندەراندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە، ناوی شەش کەسی تر لە شارۆمەندانی کورد کە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا بوو و بەم جۆرەیە: میلان حەقیقی، عەبدوڵڵا مەحموودپوو، ئەمیر فولادی، سەعید محەممەدی، فەردین بەختیاری و ئیمان بێهزادپوور. هەموو ئەم شارۆمەندانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شەوی چوارشەممە ٣٠ی خرمانانی ١٤٠١ لاوێکی تر لە شنۆ بە ناوی میلان حەقیقی تەمەن ٢١ ساڵ و کوڕی سەلیم و خەڵکی شنۆ لە خۆپیشاندانی جەماوەری و ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی راپۆرتێکی تر کە بۆ هانا هاتووە، رۆژی پێنجشەممە ٣١ی خرمانانی ١٤٠١ یەکێکی تر لە بریندارەکانی گوندی بالو لە ناوچەی ورمێ بە ناوی عەبدوڵڵا مەحموودپوور کوڕی عەبدولغەفوور بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.  
شایانی باسە شەوی چوارشەممە ئەم شارۆمەندە لەگەڵ رامین عەبدوڵڵاپوور بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار و بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ رەوانە کرابوون. 

هەروەها لە راپۆرتێکی تردا هاتووە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی  خرمانان لاوێکی تر لە شائاباد بە ناوی ئەمیر فولادی تەمەن ١٥ ساڵ لە خۆپیشاندانی جەماوەری و ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانی لەدەستداوە. 

بەپێی راپۆرتێکی تری هاوکارانی هانا، شەوی چوارشەممە ٣٠ی خرمانان لاوێکی تر لە شائاباد بە ناوی سەعید محەممەدی لە خۆپیشاندانی جەماوەری و ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت گیانی لەدەستداوە. 

هەروەها شەوی چوارشەممە شارۆمەندێکی تر بە ناوی فەردین بەختیاری تەمەن ٥٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی سنە و دانیشتووی گەڕەکی شەریفاوا بە تەقەی رستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە مەیدانی گازی سنە گیانی لەدەستداوە. 

لە راپۆرتێکی دیکەدا هاوکارانی هانا ئاگاداریان کردینەوە رۆژی دووشەممە ٢٨ی خرمانانی ١٤٠١ شارۆمەندێکی کورد بە ناوی ئیمان بێهزادپوور تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی عەلائەدین و خەڵکی سنە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە تاران گیانی لەدەستداوە. 
شایانی باسە ئیتلاعات هەڕەشەی لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە نابێ راگەیاندنەکان لە هەواڵی کوشتنی ئیمان بێهزادپوور ئاگادار بکرێنەوە و لە ژێر زەخت و زۆردا بەڵێننامەیان پێ واژۆ کردوون. رۆژی چوارشەممە ٣٠ی خرمانان بە ئامادە بوونی هێزەکانی ئیتلاعات تەرمی بێهزاد بە خاک ئەسپەردە کراوە و تەنانەت نەیانهێشتووە بنەماڵەکەی تەرمی رۆڵەکەیان ببینن. 

شایانی باسە هەموو ئەم شارۆمەندانە بە چەکی شەڕ و تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران پێکراون و گیانیان لەدەستداوە. 

 

11:02 - 22/9/2022 نوێ کراوەتەوە.