بەندکراوان

ناوی ١١ کەس لە بەندکراوانی سنە ئاشکرا بوو 

07:09 - 22/9/2022

ناوی ١١ کەس لە بەندکراوانی سنە ئاشکرا بوو 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لانیکەم ١١ کەس لە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ی خرمانانی ١٤٠١ لە سنە دەستبەسەر کراون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی سێشەممە ٢٩ی خرمانان شارۆمەندێک بە ناوی کاوە کەریمی و چوار شارۆمەندی ژن بە ناوەکانی رۆژان قادری، ساریا شەریفی، ئازادە جەماعەتی خەڵکی سنە و رێزان ئەحمەدی خەڵکی دێولان و نیشتەجێی سنە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار رەوانە کراون.  شایانی باسە رێزان ئەحمەدی لە شوێنی کارەکەی خۆی قۆڵبەست کراوە. 

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، لە رۆژی سێشەممەدا چالاکێکی مەدەنی و لە وەرزشکارانی سنە بە ناوی شاریار ئێسکۆیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار رەوانە کراوە. هەروەها رۆژی سێشەممە ئەمیر غوڵامی فیلمساز و لە چالاکانی مەدەنی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. 

هەروەها رۆژی چوارشەممە ٣٠ خرمانانی ١٤٠١، چالاکێکی مەدەنی و کرێکاری تر بە ناوی مزەفەر ساڵح نیا خەڵکی سنە و هەروەها چالاکێکی تری مافەکانی ژنان بە ناوی ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە. 

دوو چالاکی مەدەنی تر بە ناوەکانی محەممەد عەبدوڵڵاهی‌پوور و حەیات ئەڵماسی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەوە. 

هێزە ئەمنییەکانی حکومەت هەموو ئەم شارۆمەندانەیان بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماڵی خۆیان یا لە شوێنی کار گرتوویانن. جێگای ئاماژەیە ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون زۆر لەوە زیاترە بەڵام تا ئێستا ناوی ئەم ١١ شارۆمەندە بۆ هانا ئاشکرا بووە. 
 

07:14 - 22/9/2022 نوێ کراوەتەوە.