کۆڵبەر

نەوسوود: کوژران و بریندار بوونی ٣ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی حکومەت 

12:11 - 16/9/2022

نەوسوود: کوژران و بریندار بوونی ٣ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی حکومەت 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خرمانانی ١٤٠١، هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە و دوو کەسی تریش بە خەستی بریندار بوون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خرمانان هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی لە سەر سنووری نەوسوود دەستڕێژیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا ئیسماعیل عەبدی تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی رەشید و خەڵکی ئاوایی "بازان" لە ناوچەی جوانڕۆ گیانی لەدەستداوە.

هەروەها دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی حەمید ئەحمەدی کوڕی حەیدەر و خەڵکی ئاوایی "چوکڵاوا"ی ناوچەی جوانڕۆ و بەختیار فەتاحی تەمەن ٣٦ ساڵ کوڕی محەممەد رەشید و خەڵکی ئاوایی "دوێتوێ" لە ناوچەی جوانڕۆ بە خەستی بریندار بوون. 

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە دۆخی تەندروستی بریندارەکانی ناجێگیرە. 
شایانی باسە تەرمی ئیسماعیل عەبدی لە پزیشکی دادی پاوەیە.  

بە پشتبەستن بە ناوەنی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە لە ١٦ رۆژی سەرەتای مانگی سیپتەمبری ٢٠٢٢دا بەم کۆڵبەرانەی ئەمڕۆوە لانیکەم ٢٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون. ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران لە سەر سنوورەکان بریندار بوون لەگەڵ ئەوانەی ئەمڕۆ دەبێتە ٢٣ کەس. هەروەها لەم ١٦ رۆژەی سەرەتای مانگی سیپتەمبردا ئەمە دەبێتە دوو کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران و کۆڵبەرێکیش بە تەقەی چەکدارەکانی حکومەتی تورکیە گیانیان لەدەستداوە. 
 


 

01:44 - 16/9/2022 نوێ کراوەتەوە.