ئامار

ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران – ئاگۆستی ٢٠٢٢ 

02:32 - 2/9/2022

ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران – ئاگۆستی ٢٠٢٢ 

هانا: ناوەندەی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدا پێویستە بڵێین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران و کوردستان کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و رووداوەکان لە کەشێکی ئازاددا ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە. 


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٩٣ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون، ٢ کەس لە سێدارە دراون، ٣ منداڵ کوژراون، ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون، ٩ کرێکار لە کاتی کار کردندا گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٤ کەسیش بە تەقینەوەی مین بریندار و کوژراون، لانیکەم ٣٤ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و هەروەها لە مانگی ئاگۆست ٢ ژن کوژراون. 

بەندکراوان: 
لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا، لانیکەم ٩٣ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی یا نامەی دادگا دەستبەسەر کراون. گرتنی ئەو شارۆمەندانە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا، لیباس شەخسی، هێزی تایبەت و هەروەها داوا کردنیان لە رێگای تەلەفونەوە بەڕێوەچووە. 
ناسنامەی هەموو ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی و هەروەها چالاکی کرێکاری، پیشەیی، مەدەنی گیراون. بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەو ٩٣ کەسە ٦٧ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی، ١٨ کەس چالاکی پیشەیی و مەدەنی بەتایبەت مامۆستایان، ٤ کەس لە پێوەند لەگەڵ چالاکان و پارێزەرانی ژینگە و ٢ کەس بە تۆمەتی ئایینی دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەوە ٩٣ کەسە ٨٦ کەسیان پیاو بوون و ٧ کەسیش ژن بوون. 

سێدارە: 
لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون. یەکیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەوی دیکەیان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو. 

کۆڵبەران و کاسبکاران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە مانگی ئاگۆستی ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون. 
لە کۆی ئەم ٣٤ کەسە، ٧ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون. هەروها لە کۆی ئەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەریش بریندار بوون. لەم ژمارەیە ١٩ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون و ٣ کەسیش بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون. 
هەروەها لە مانگی ئاگۆستدا ٥ کەس لە کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. هەروها لە مانگی ئاگۆستدا ٦٠ لە سەدی ئەو کۆڵبەرانەی کوژراون و بریندار بوون لە سەر سنووری بانە تەقەیان لێکراوە. 

ژنان:

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ شارۆمەندی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون کە هەموویان بە تۆمەتی چالاکی پێشەیی، کرێکاری، سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی و کەسێکیش بە تۆمەتی ئایینی دەستبەسەر کراون. 

کوشتنی ژنان: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ ژن لە پێوەند لەگەڵ قەتڵی نامووسی و کێشەی بنەماڵە لەلایەن هاوسەر یا ئەندامانی پلە یەکی بنەماڵەوە لە شارەکانی خۆی و کرماشان کوژراون. 

خۆکوژی: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣٤ کەس لە شار و گوندەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و بەداخەوە ئاماری خۆکوژییەکان لەم مانگەدا لەچاو مانگی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٢٨ کەسیان نێرینە بوون و ٦ کەسیش مێیینە بوون. زۆربەی قوربانییەکانی خۆکوژی لە مانگی ئاگۆستدا لاو و تازەلاو بوون. بە جۆرێک کە ٧ منداڵ و ٢١ لاو لە نێو خۆکوژییەکاندا بەدی دەکرێ. هۆکاری ئەم خۆکوژییانە زیاتر هەڵدەگەڕێتەوە بۆ باری خراپی بەڕێچوون و تا رادەیەکیش کێشەی بنەماڵە. 

کرێکاران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٩ کرێکار بە هۆی رووداوی شوێنی کار و نەبوونی ئەمنییەت لە شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەروەها لەم مانگەدا ١٣ چالاکی کریکاری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە داوا کراون. 

تەقینەوەی مین: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا لە سنورەکانی کوردستان کەسێک بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی گیانی لەدەستداوە و ٣ کەسیش بریندار بوون. جێگای ئاماژەیە ئەم مینانە پاشماوەی جەنگی ئێران و عێڕاقن یا لەم ساڵ و مانگانەی دواییدا لەلایەن سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی حکومەت چێندراون. 

منداڵان: 
لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان گیانیان لەدەستدا. بۆ وێنە ٧ منداڵ یا تازە لاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەروەها لەم مانگەدا ٢ منداڵ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژراون و منداڵێک لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستدا. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١ی سیپتەمبری ٢٠٢٢ 

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ئازادە. 
www.hana-hr.org 
news@hana-hr.org 

12:48 - 3/9/2022 نوێ کراوەتەوە.