ئامار

ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا 

01:30 - 4/7/2022

ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا 

هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە ئاماری بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کرانی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندانی کورد لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستانی ئێران ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدا پێویستە بڵێین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکان ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە. 


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣١٢ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون. لەم ماوەیەدا لانیکەم ٢٨ کەس لە سێدارە دراون، ١٥٩ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، لانیکەم ٣١ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ١٢ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون، لانیکەم ١١ کەس بە هۆکاری "نامووس"ـەوە کوژراون و ٦٦ کەسیش لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

بەندکراوان: 
لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٣١٢ هاووڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون. ناسنامەی هەموو ئەو کەسانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و زۆربەیان بە تۆمەتی سیاسی یا هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی، چالاکی پیشەیی، مەدەنی و هەروەها چالاکی لە بوارەکانی ژنان و ژینگە گیراون. 
بەپێی ئەم ئامارە، لە کۆی گشتی ئەم بەندکراوانە، ١٢٧ کەس بە تۆمەتی سیاسی، ٧٧ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٩٦ کەس بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی کە مامۆستایان و کرێکاران لەخۆدەگرێ، ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی ئایینی، ٤ چالاکی ژینگەپارێز، ٣ کەس چالاکی بواری ژنان و ٣ کەسیش لە چالاکانی خوێندکاریی. 
لە کۆی ئاماری بەندکراوان ٣١ کەسیان ژن بوون و ٢٨١ کەسیش پیاو بوون. 

سێدارە: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢٨ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لە شەش مانگی رابردوودا بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی "فیروز مووسەوی لوو" بە تۆمەتی "محاڕبە" لە سێدارە دراوە و باقی ئەوانی تر کە لە سێدارە دراون، ١٨ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٩ کەسیش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و سزاکەیان جێبەجێ کراوە. 

بەندیخانە: 
لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ستەم و ناهەقی زۆر لە بەندییە کوردەکان کراوە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بەرگری لە بەندکراوان بۆ دەستڕاگەیشتن بە پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر، زەوت کردنی مافی بەردایی و مەرەخەسی لە بەندکراوان، بێبەش کردنیان لە پشوو و هەواخۆری و بەند کردنیان لە بەندی تاوانبارە کۆمەڵایەتییەکان و گیرۆدەبووان بە مادە هۆشبەرەکان، هەروها زەوت کردنی مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵە و بەهرەمەند بوون لە پارێزەر. 
لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا ٢ بەندکراو بە هۆی نەخۆشی و رێگری لە دەستڕاگەیشتنیان بە پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر گیانیان لەدەستداوە، بەندکراوێک کۆتایی بە ژیانی هێناوە و ٢ کەسیش لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری زۆردا بریندار بوون. 

کۆڵبەران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٥٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٢٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە ٨ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران کوژراون و ١١ کەسیش بە هۆی رووداوی سروشتییەوە گیانیان لەدەستداوە و ٣ کەسیش بە هۆی رووداوی رێگاوبان و هاتوچۆ. 
بە گشتی ١٣٤ کۆڵبەر بریندار بوون کە ١٠٩ کەس بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران بریندار بوون، ١٢ کەس بە هۆی رووداوی رێگاوبان، ٧ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین و ٦ کەسیش بە هۆی رووداوی سروشتی بریندار بوون. زۆرترین ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە شار و ناوچە و گوندەکانی سەر سنووری کوردستان بوون کە بەم جۆرەی خوارەوەن: 
پاوە ٩٩ کەس، بانە ٢٨ کەس، مەریوان ٩ کەس، سەردەشت ٥ کەس، ورمێ ٤ کەس، سەلاسی باوەجانی ٣ کەس، سەوڵاوا ٣ کەس، بۆکان ٢ کەس، جوانڕۆ ٢ کەس، پیرانشار کەسێک، کامیاران کەسێک و شنۆ کەسێک.  

ژنان: 
لە شەش مانگی رابردوودا لانیکەم ٣١ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر و بەند کراون. لەم ژمارەیە ١٦ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی، ٦ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٦ کەسیش بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی گیراون. 
لە شەش مانگی رابردوودا بەداخەوە لانیکەم ٧ ژن بە هۆی شەرەف و نامووس و کێشەی بنەماڵەوە لەلایەن بنەماڵەکانیان، باوک، برا و مێردەوە کوژراون. 

خۆکوژی: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٦٣ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. لەم ژمارەیە ٤١ کەس نێرینە بوون و ٢٢ کەسیش مێیینە بوون. ٣٣ کەسیان بە هۆکاری نادیار و ١٨ کەس بە هۆی کێشەی بنەماڵە و ٨ کەسیش بە هۆی هەژاری و بارودۆخی دژواری ژیان و بەڕێچوون کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە. 
دابەش کردنی ئەو کەسانە لە باری تەمەنەوە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

لاوان ٣٣ کەس ٪٥٢ 
منداڵان ٢٢ کەس ٪٣٥ 
تەمەنی مامناوەندی و کامڵ ٦ کەس ٪١٠ 
بەساڵاچووان ٢ کەس ٪٣ 

تەقینەوەی مین: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٢ هاووڵاتی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و هەروەها ئەو مینانەی دواتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە چێندراون، کوژراون و بریندار بوون. لە کۆی ئەم ١٢ رووداوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و ١١ کەسیش بریندار بوون کە یەکێک لەو بریندارانە ئەندامی لەشی لەدەستداوە. لە ناو قوربانییەکاندا ژنێکی تێدایە. زۆربەی قوربانییانی مین کۆڵبەران، کاسبکاران، جوتیار و ئاژەڵدارانی کوردن. 

کرێکاران: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣١ کرێکار لە کوردستان بە هۆی رووداوی شوێنی کار و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەروەها لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا ١٧ کەس لە کرێکاران بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری و پیشەیی دەستبەسەر و بەند کراون. 

ژینگە: 
لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا چوار (٤) کەس لە چالاکانی ژینگە پارێز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون. 

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ 
٢ی ژولای ٢٠٢٢ 

www.hana-hr.org   
news@hana-hr.org 

01:58 - 4/7/2022 نوێ کراوەتەوە.