ڤیدیۆ

ئاکامی ناڕەزایەتی پەناخوازان و پەنابەرانی کوردستانی ئێران دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشت؟ 

12:50 - 26/5/2021

ئاکامی ناڕەزایەتی پەناخوازان و پەنابەرانی کوردستانی ئێران دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشت؟ 

هانا: هەر وەک لە راپۆرتەکانی پێشووتردا ئاماژەمان پێ کردبوو، رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی مەی ٢٠٢١ کۆمەڵێک لە پەناخوازان و پەنابەرانی دانیشتووی کوردستانی عێڕاق بۆ ناڕەزایەتی بە بارودۆخی ئێستای خۆیان و کەمتەرخەمی و نەچوونە ژێر باری بەرپرسایەتی نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێڕاق و کوردستانی عێڕاق، لە بەر دەرکی نوێنەرایەتی ئەم رێکخراوە لە هەولێر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. 


رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە رێگای هاوکارانی خۆیەوە جگە لە بەشداری لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە هەوڵیشی دا بۆ روونکردنەوەی مافەکانی پەنابەران لە نێو بەشداربوواندا بەپێی بەند و خاڵەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و لەم بارەوە بڵاوکراوەیان چاپ کردبۆوە. 
رۆژی یەکشەممەیش نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی پەناخوازان و پەنابەران رایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەیکە بەجێهێنانی هەموو داواکارییەکانی ئێوە لە توانا و بەرپرسایەتی کاری ئێمەدا نییە، بەڵام ئێمە بەگوێرەی ئیمکان و توانای خۆمان بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکان و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی ئێوە، لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری دەکەین.