بەندکراوان

سەبارەت بە فیلمی حکومەتی ئیسلامی لە سەر دانپێدانانی زۆرەملی چوار بەندکراوی سیاسی کورد 

04:13 - 16/10/2022

سەبارەت بە فیلمی حکومەتی ئیسلامی لە سەر دانپێدانانی زۆرەملی چوار بەندکراوی سیاسی کورد 

لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١، هەواڵی دەستبەسەرکرانی تیمێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێ، بە ناوەکانی پژمان فەتحی ٢٨ ساڵ خەڵکی کامێران، وەفا ئازەربار ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، موحسین مەزلووم ٢٧ ساڵ و خەڵکی مهاباد و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان لە راگەیاندراوێکدا لەلایەن ئەو حیزبەوە بڵاوبۆوە. 


هەر لەم پێوەندییەدا راگەیاندنەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە راپۆرتی "وەزاڕەتی ئیتلاعاتی ئێران" هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو تیمە لە ئەندامانی "کۆمەڵە"یان بڵاوکردەوە. راگەیاندنەکانی حکومەت لە سەرەتاوە دەستیان کرد بە بڵاکردنەوەی هەواڵی ناتەبا لەگەڵ یەک لە سەر شوێنی دەستبەسەرکرانیان و بەپێی رەواڵی هەمیشەی کاری خۆیان بۆ بە لاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی، هۆکاری گرتنی ئەم چوار چالاکە سیاسییەیان بە مەبەستی کردەوەی خراپکارانە و ترۆریستی دانابوو و هاوکات حیزبەکانی کوردستانیان بە هاوکاری لەگەڵ ئیسڕائیل بۆ کردەوەی ترۆریستی تۆمەتبار کرد. 

لەم ماوەیەدا کە زیاتر لە ٨٠ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم چوار پێشمەرگەیەی کۆمەڵە تێدەپەڕێ، حکومەتی ئیسلامی هیچ جۆرە زانیارییەکی لە سەر شوێنی بەندکران و دۆخی ئەوان لە بەندیخانە بە بنەماڵە و کەسوکوریان نەداوە و تەنانەت مافی بوونی پارێزەریشیان لێ زەوت کردوون. لە ماوەی ئەم دوو مانگ و ٢٠ رۆژەدا بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە هەوڵی زۆریان داوە هەواڵێک لە چارەنووس و دۆخی رۆڵەکانیان بزانن و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ناوەندە دەوڵەتییەکانی ورمێ، مهاباد، بۆکان، سنە و کرماشانیان کردووە و هەموو جارێ وێڕای ئەوەی سووکایەتی و بێ‌ڕێزیان پێ کراوە هیچ جۆرە زانیارییەکیان لە سەر رۆڵەکانیان پێ نەداون. 

حکومەتی ئیسلامی ئێران رۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ فیلمێکی دانپێدانانی زۆرە ملی لەم چوار بەندکراوە سیاسییە بڵاوکردەوە و لەم فیلمەدا ئیدیعای ئەوە کراوە "ئامانجیان تەقینەوە لە کارخانەیەکی فڕۆکەسازی ئیسفەهان بووە". بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە راگەیاندنێکدا ئەم ئیدیعا و تۆمەتانەی حکومەتی ئیسلامی ئێرانی لە سەر ئەو ئەندامانەی خۆی بە توندی رەت کردەوە و رایگەیاند مەبەستی حکومەت ئەوەیە ئەمە بکاتە بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک بە تایبەت لەم رۆژانەدا کە ناڕەزایەتییەکان بە بەرینایی کوردستان و ئێران لە ئارادایە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتریش لە بابەت بێسەروشوێنکردن، نەبوونی زانیاری لە چارەنووسی ئەم بەندکراوانە، هۆشداری ئەوەی دابوو و بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی حکومەتی ئیسلامی لەم بارەوە، سیناریۆیەکی لەم چەشنەی پێشبینی کردبوو. 

ئێعتڕاف و دانپێدانانی زۆرەملی جۆرێک ئەشکەنجە بە هەژمار دێ کە لەم رێگەیەوە مافی سەرەتایی تاک وەک مرۆڤ و وەک بەندکراوێک زەوت دەکرێ. 
لەلایەکی دیکەوە، راگرتنی کەسی تۆمەتلێدراو لە گرتووخانەی کاتی و بێ ئەوەی زانیاری بدرێ بە بنەماڵەکەی پێشێلکارییەکی دیکەی مافی بەندکراوە. 

بەپێی ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی حکومەتی ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بە مەبەستی دانپێدانان و سەندنی زانیاری قەدەغەیە. ناچار کردنی کەسێک بە دانی شاهیدی، دانپێدانان یا سوێند خواردن، رێگە پێنەدراوە و شاهیدییەکی لەم چەشنە یا دانپێدانان و سوێند خواردنی ئاوا بێ بایەخ و بنەمایە. 

جاوید ڕەحمان، چاودێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، مانگی رەشەمەی ١٣٩٨ لە راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتی سەراسەری گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ لە ئێران بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملی کەوتوونە بەر ئەشکەنجە و ئازار و لەم بارەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو. 

بەپێی ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی ئێران، کەسێک کە ئەم ئەسڵە بخاتە ژێر پێ سزا دەدرێ. بەڵام لە حکومەتی ئیسلامیدا سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند بابەتێک خۆیان پەسندیان کردووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا و بە زۆرەملی ئێعتڕافیان وەرگرتووە، بەڵام ئەو کەسەی یاساکەی خستووەتە ژێر پێ و بە زۆرملی و زەبری ئەشکەنجە ئێعتڕافی وەرگرتووە هیچکات یاسا یەخەی نەگرتووەتەوە لە بەرامبەر یاسا و داد وەڵامدەرەوە نەبووە. 

بەپێی بەندی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ " هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ". 
هەروەها لە بەندی ١٠ی ئەم جاڕنامەیەدا هاتووە: " هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا". 

هەروەها بەپێی پەسندکراوەکانی کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی ئەشکەنجە، ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئێش و ئازار و زیان بە لەش و دەروون و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری یا دانپێدانانی زۆرەملی کەسی قوربانی یا کەسوکار و دۆستانی بەڕێوەبچێ بە ئەشکەنجە هەژمار دەکرێ و هەر جۆرە ئێعتڕاف و دانپێدانانێک لە دۆخێکی لەم چەشنەدا بێ بنەمایە و بایەخی نییە. 

ئێستا حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆ بەشێکی زۆر لە بەندکراوان بۆ وێنە: چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، دژبەرانی سیاسی حکومەتی ئیسلامی، کۆڵبەران، ژنانی ناڕازی بە حیجابی زۆرەملی، بنەماڵەکانی دادخوازی گەڵاڕێزان و  تەنانەت شارۆمەندانی دەرەوە پەروەندەی ئەمنییەتی ساز دەکا و تۆمەتی بێ بنەما بۆ وێنە پێوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی دەرەوە دەخاتە پاڵیان و بۆ هەر کامیان سیناریۆیەک ساز دەکا و ناچاریان دەکا بێنە سەر تلویزیۆن و ئێعتڕاف بکەن. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە تەواوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکا ئەم پەروەندەسازییە ئەمنییەتیە و سیناریۆسازی و ناچار کردنی بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی بە دانپێدانانی زۆرەملی و لەم بابەت دیاریکراوەشدا چوار ئەندامی بەندرکراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتێکێشانی کوردستانی ئێران مەحکوم بکەن و داوا لە کۆماری ئیسلامی بکەن پێبەندبێ بە رەچاوکردنی بەڵێننامە و پەسندکراوە جیهانییە ناسراوەکانی مافی مرۆڤ. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢