بەندکراوان

مهاباد: هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی "موحسین مەزلووم"  

02:25 - 11/8/2022

مهاباد: هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی "موحسین مەزلووم"  

هانا: بەپێی راپۆرتی کەمپەینی "نا بۆ سیناریۆسازی دژی چوار بەندکراوی سیاسی کورد" رۆژی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، هێزەکانی وەزاڕەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە مهاباد بۆ سێیەمین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی "موحسین مەزلووم" لە ئاوایی "وەتەمیش" لە ناوچەی مهاباد و سەرەڕای بێڕێزی بە ئەندامانی بنەماڵە، هەموو ماڵەکەیان پشکنیوە و گەڕاون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی ئیتلاعات هەرچی کەلوپەلی تایبەتی ئەندامانی بنەماڵە وەک کتێب، لەب‌تاب و موبایلیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. 

موحسین مەزلووم چالاکی سیاسی خەڵکی ناوچەی مهاباد وێڕای سێ چالاکی سیاسی دیکە بە ناوەکانی "پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار" لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێ دەستبەسەر کراون. 

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ٢٦ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندانە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، بەڵام هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و بارودۆخ و شوێنی بەندکرانیان لەبەردەستدا نییە. 

ماڵپەڕەکانی سەر بە حکومەتی ئیسلامی ئیران لە زمان ناوەندە ئەمنییەکانەوە ئەم چوار چالاکە سیاسییە کە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیرانن بە هاوکاری کردن لەگەڵ "موساد" تۆمەتبار کردووە، بەڵام کۆمەڵە ئەم تۆمەتانەی رەتکردۆتەوە و بە بێ بنەما و سیناریۆسازی دەزانێ و دەڵی: "ئەم چوار کەسە بۆ ئەرک و کاری سیاسی – تەشکیلاتی رەوانەی ئێران کرابوونەوە و لە کاتی گرتنیشیاندا چەکیان پێ نەبووە. 

لە سەر ئەم تۆمەت و تەبلیغاتەی حکومەتی ئیسلامی ئێران، دەیان حزب و رێکخراوی سیاسی و مافی مرۆڤی لە ئێران کاردانەوەیان نواندووە و لە سەر ئەم باوەڕەن کە ئەم تۆمەتانە دژی ئەم چوار چالاکە سیاسییە سیناریۆسازییە. 
هەر لەم پێوەندییەدا بە مەبەستی پشتیوانی لەم چوار چالاکە سیاسییە، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی لە کوردستان کەمپەینێک بە ناوی "نا بۆ سیناریۆسازی دژی چوار بەندکراوی سیاسی کورد"یان پێکهێناوە و دەستی بە کارەکانی کردووە. 

شایانی باسە، بەلەبەرچاوگرتنی سیناریۆسازی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت لە دژی ئەم چوار چالاکە سیاسییە و هەروەها پێشینەی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە رەفتار لەگەڵ بەندکراوان و ئەشکەنجە و ئازاری زۆر بۆ وەرگرتنی ئێعتڕاف و ناچار کردنیان بە دانپێدانانی زۆرەملی، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قوڵی خۆی لە بابەت چارەنووس و بارودۆخی ئەوان دەربڕیوە. 
 

02:33 - 11/8/2022 نوێ کراوەتەوە.