ژنان

ژینا ئەمینی(مەهسا) گیانی لەدەستدا 

05:10 - 16/9/2022

ژینا ئەمینی(مەهسا) گیانی لەدەستدا 

هانا: ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی (مەهسا) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز کە لە ئاکامی ئەشکەنجە و ئازاری زۆری هێزەکانی "گەشتی ئیرشاد" وشیاری خۆی لەدەستدابوو دوای سێ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدا. 


جێگای وەبیرهێنانەوەیە رۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تاران لەلایەن هێزەکانی "گەشتی ئیڕشاد" لە شاڕێی حەقانی دەستبەسەر کرابوو و لە یەکێک لە گرتووخانەکانی "پۆلیسی ئەمنییەت ئەخلاقی" لە شەقامی "وزەرا"ی تاران بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە وشیاری خۆی لەدەستدابوو. 

شایانی باسە تەنیا دوو کاتژمێر دوای گرتنی ژینا ئەمینی، پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرا رایانگەیاندبوو هاوکات سەکتەی مێشک و دڵی گرتووە و گوتبوویان ئەمە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی مێشکی و وشیاری خۆی لەدەستداوە. 

لەولاشەوە موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا رایگەیاندووە، کچەکەی من پێشینەی هیچ جۆرە نەخۆشینێکی نەبووە و تا ئەوە کاتەی گرتوویانە هێچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە. 

جێگای ئاماژەیە مەهسا ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت و گەڕان سەردانی تارانیان کردبوو.  
بەپێی بەندەکانی ٣، ٥ و ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی مەهسا ئەمینی پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بەرپرسایەتی گیان و ژیانی دەکەوێتە ئەستۆی بەپرسانی حکومەت. 

بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە. 
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ. 
 

03:58 - 16/9/2022 نوێ کراوەتەوە.