ڕاگەیاندن

لە ئاکامی موشەکبارانی سپادا ٦٧ پێشمەرگە و پەنابەری سیاسی کوژراون و بریندار بوون 

01:37 - 29/9/2022

لە ئاکامی موشەکبارانی سپادا ٦٧ پێشمەرگە و پەنابەری سیاسی کوژراون و بریندار بوون 

هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە هەرێمی کوردستانەوە ئاگاداریان کردین، لە حەوتووی رابردوودا سپای پاسدارانی ئێران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە و پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٦ی رەزبەری ١٤٠١ بە درۆنی خۆتەقێن و مووشەک کەمپی بەنابەرانی سیاسی و بنکە و بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە نزیک سلێمانی و کۆیە و پردێ کردووەتە ئامانجی خۆی و کوتاونی. 


لە ئاکامی هێرشی دڕۆن و موشەکی سپای پاسدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێراندا ٩ کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و شارۆمەندانی کوردی سڤیل و پەنابەر و هەروەها ٨ پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کەس بریندار بوون و زەرەر و زیانێکی زۆر بە خوێندنگە و بینا و ماڵ و دامەزراوەکان کەوتووە. 

سپای پاسداران لەم هیرشەدا بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتێکشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتێکشانی کوردستانی کردووەتە ئامانج. لە ئاکامی ئەم هێرشەدا ١٧ کەس لە پەنابەرانی سیاسی و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبانە گیانیان لەدەستداوە و هەروەها لەم هێرشەدا خوێندنگەی منداڵانیش پێکراوە و جگە لەوەی برینداری لێکەوتووەتەوە ترس و خۆفێکی زۆر لە دڵی منداڵانی بێ تاوان گەڕاوە.

ناوی گیانبەختکردووانی ئەم هێرشەی حکومەتی ئیسلامی بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

١.عومەر مەحموودزادە (چیچۆ) 
٢. رێحانە (شیما) کەنعانی ٢٣ ساڵ تەمەن و دووگیان بووە و کۆرپەڵەکەی لەلایەن پزیشکانەوە رزگار کرابوو. 
٣. وانیار رەحمانی (کۆرپەی ریحانە کەنعانی و رۆژێک دوای مەرگی دایکی، گیانی لەدەستداوە) 
٤. میلاد پیرساحەب 
٥. هاجەر زەرگە 
٦. شێرکۆ بەرتەنی 
٧. ئەیوب هونەروەر 
٨. محەممەد خەلیلی 
٩ عوسمان فەیزە  
هەموو ئەم گیانبەختکردووانەی سەرەوە پێشمەرگە و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون یا سڤیل و لە کەمپی ئەو حیزبە نیشتەجێ بوون. 
١٠. ئومید نیکدڵ 
١١. ئێحسان فەرەجی 
١٢. ئاروین سۆهرابی 
١٣. یەدوڵڵا نووری سابت 
١٤. یونس غیاسی 
١٥. سەعید ئومیدی 
١٦. کامران رۆستەمی 
١٧. ئیدریس ئەمجەدی 
هەموو ئەم هەشت گیانبەختکردووەش پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان بوون. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم هێرشەی حکومەتی ئیسلامی ئیران مەحکوم دەکا و پێمان وایە ئەم کردەوەیە پێشێل کردنی هەموو پەیمان و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە. هەروەها داوا لە رێکخراوە و ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین ئەم کردەوە دژی مرۆڤی و پێشێلکارییانەی حکومەتی ئێران دژی کوردستان و ئێران و ناوچەکە مەحکوم بکەن و بۆ راگرتنی ئەم کردەوانەی حکومەتی ئیسلامی ئیران هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ.  


 

01:10 - 30/9/2022 نوێ کراوەتەوە.