ڤیدیۆ

دوو ژنی کورد ناچار بوون لەبەر هەژاری گورچیلەیان هەرزانفرۆش بکەن 

08:36 - 26/5/2021

دوو ژنی کورد ناچار بوون لەبەر هەژاری گورچیلەیان هەرزانفرۆش بکەن 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بۆ هانا هاتوون، ٢ ژنی کورد دانیشتووی تاران بە هۆی هەژاری لە رێگای نووسینی بڵاوکراوەڕا هەرزانفرۆش کردنی گورچیلەیان رایانگەیاندووە. 


هاوکارانی هانا رایانگەیاندووە، ئەم وێنە و گرتە ڤیدیۆیە رۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – ٢٣ی مە ٢٠٢١ لە شەقامی نەخۆشخانەی هاشمی نژادی تاران گیراوە. 
بەپێی زانیاری هاوکارانی هانا، بە پێوەندی گرتن لەگەڵ ئەو ژمارە تەلەفونانەی بە سەر بڵاوکراوەکەوە نووسراون، بۆیان دەرکەوتووە ئەم ٢ ژنە کە دایک و کچن، کوردن و دانیشتووی تارانن. 
شایانی باسە ئەم بنەماڵەیە رایانگەیاندووە کەسانێک پێوەندییان پێوە گرتوون و هەڕەشەیان لێ کردوون و هەروەها ئەو کەسانە وتوویانە بەسیج و پاسدارن. 

جێگای خۆیەتی لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین و لێرەدا لە خوارەوە وەک خۆی دینووسینەوە: 
بەندی ٢٥ 
خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 
خاڵی دوویەم: دایکان و منداڵان مافی ئەوەیان هەیە یارمەتی و چاوەدێری تایبەتییان بۆ تەرخان بکرێ. هەموو منداڵێک چ ئەوانەی بەرهەمی ژیانی هاوبەش بن، یان ئەوانەی بە بێ پێکهێنانی ژیانی باوبەش لە دایک بوون، مافی ئەوەیان هەیە وەک یەک و یەکسان لە باری کۆمەڵایەتییەوە پشتگیری و پشتیوانییان لێ بکرێ و لە مافەکان بەهرەمەند بن. 

11:42 - 27/5/2021 نوێ کراوەتەوە.