ڕاگەیاندن

زمانیی دایک مێژوو و شوناسی نەتەوەییمانە

01:21 - 20/2/2022

زمانیی دایک مێژوو و شوناسی نەتەوەییمانە

زمانی دایکی تەنیا زمانێکە کە مرۆڤەکان شوناسی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی خۆیانی لێ وەردەگرن، ئەو زمانە زمانێکە کە ئەوان بە نیشتمان و نەتەوە گرێ دەداتەوە. ئەگەرچی جۆراوجۆری زمانی ڕەوشێکی سرووشتییە بەڵام باسی هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە، بەپێی پەسەندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕێز لە مافی بەفەرمی بوونی زمانی دایک بگرین چونکە منداڵەکان بۆ فێربوون و پەروەردە باشتر دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ زمانی دایکەوە بگرن و ئەو زانیارییانەش هەتا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

 

 

لە کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا لە زۆر شوێن باسی ئەو مافە ڕەوایە کراوە، بۆ وێنە لە جاڕنامەی جیهانی زمانی دایک"یونسکۆ"دا هاتووە:
۱- سەرجەم قوتابییانی قوتابخانەکان دەبێت خوێندنی فەرمی خۆیان بە زمانی دایکی بێ.
۲- سەرجەم وڵاتان ئەرکدار دەکرێن کە بۆ فێر کردن و پەروەردە بە زمانی دایکی هەموو جۆرە کەرەستەیەک دابین بکەن.
۳- بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەبێت بە ڕادەی پێویست مامۆستا پەروەردە بکرێن، چونکە خوێندن بە زمانی دایکی هێمای دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

قەدەخە کردنی زمانی نەتەوەکان و سووکایەتی پێکردن و پێناسەیان بە "زاراوەی ناوچەیی" و داسەپاندنی زمانێکی دیکە بەسەر نەتەوەی کورد و باقی گەلانی نیشتەجێی ئێران لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری ئاخێوەرانی ئەو جوگرافیایەی بە ئێران دەناسرێت مافی زمانیان لێ زەوت کراوە و ناچار کراون بە زمانێکی تر بخوێنن.

دەسەڵاتدارەکانی یەک سەدەی ڕابردوو بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەک دەست کردنی گەلان لە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، بەردەوام هەوڵی بنبڕ کردن، خۆ سەپاندن و بێبەش کردن لە پەرەسەندنی زمانەکان و کولتووری گەلانییان داوە و بەردەوام زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی پەروەردە ئیزنی بەکارهێنانی پێدراوە و زمانگەلی تر قەدەغە کراون و تەنانەت ئەو چالاکانەی هەوڵی فێرکردنی زمانی دایک دەدەن دەگیرێن و بەند دەکرێن کە دەتوانین ئاماژە بە مامۆستایانی زمانی کوردی "زارا محەممەدی، موژگان کاووسی، کەیوان مینوویی" و... بکەین.

دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، خوازیاری جێبەجێ کردنی بڕگە یاساییەکانی زمانین بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجێکی لەبار و یەکسانی پەروەردە بە زمانی دایک کە دەبێت وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت نەک مەترسی، هاوکات پەروەردەی منداڵانی کورد بە زمانی دووەم وەک درێژەی سیاسەتی تواندنەوە و لەناوبردنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کورد دەزانن کە لە لایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت.

ئێمە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە زمانی، کولتووری و مافی مرۆڤییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەین بە هانای مامۆستایانی دەستبەسەر کراوی زمانی دایکییەوە بێن و لانی کەمی پشتیوانیان لە چوارچێوەی ناساندنی ئەو مامۆستایانە وەک کەسایەتی جێی ڕێز و شایەنی خەڵاتە جیهانییەکان کە لە بەرامبەر بەرگری لە زمان و پەروەردەی منداڵان بە زمانی دایکیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان گیراون و بێ ڕێزیان پێکراوە، بناسێنن.


هەروەها وێڕای مەحکووم کردنی هەوڵی سیستماتیکی ڕژێم بۆ سەرکوتی زمانی، داوا لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هەوڵی چڕتر بدەن بۆ بەدی هێنانی ئەم مافە سەرەکی و سروشتییەی خۆیان و ڕێز لەو مامۆستایانە بگرن کە هانی منداڵدان دەدەن بۆ فێر بوونی بە زمانی کوردی.

بە سوپاسەوە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا"
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان"چاونیوز"
ڕێکخراوی جیهانی کورد

٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ی کوردی
٢١ی فێبریوەری ٢٠٢٢ی زایینی