هەواڵ

هەوڵی خۆکوژی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ناوەندی ئیلام

08:23 - 21/3/2023

هەوڵی خۆکوژی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ناوەندی ئیلام

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی مارسی ٢٠٢٣، هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو بە ناوی "سەعدوڵڵا ئایینی" ٢٤ ساڵە خەڵکی ئابدانان، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ناوەندی شاری ئیلام هەوڵی خۆ کووژی دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ سەعدوڵڵا ئایینی دوای ئەشکەنجەدان و گوشاری توند بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ناوەندی ئیلام هەوڵی خۆکوژی دا کە بۆ چارەسەری پزیشکی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

پێویستە ئاماژەی پێی بکرێت ، ڕۆژی سێشەممە "١٤ی فێورییەی ٢٠٢٣" لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروند ٤٣ ساڵە، سەفورا مەلەکی ٣٧ ساڵە و فەرشاد ئایینی ٢٩ ساڵە" خەڵکی دێولان، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزران.