ئامار

بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لە کوردستانی ئێران 

01:05 - 3/2/2022

بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لە کوردستانی ئێران 

لە مانگی ژانوییەدا ٤٣ کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون.


هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەموو مانگێک ئاماری بەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی سەبارەت بە پێشێلکاریی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاودەکاتەوە. بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکان لە ناوخۆی ئێران و کوردستان ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو رووداوەکانی پێشێل کردنی مافەکانی شارۆمەندان لە خۆ بگرێ بەڵام هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ناخۆی کوردستانەوە لەم راستایەدایە تا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ گواستنەوەی رووداوەکان و هەروەها بەدواداچوون لە سەر دروستی و راستەقینەبوونی راپۆرتەکان جا بڵاودەکرێنەوە. 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆرمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ماوەی مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٣ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون. هەروەها لە مانگی ژانوییەدا ٤ کەس لە سێدارە دراون، ١٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، ٢ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٤ کەس بە هۆی تەقینەوە مین بریندار بوون و ٣ کەسیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. 

بەندکراوەکان: 
لە ماوەی مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤٣ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بێ بەڵگە و بڕیاری یاسایی، سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون. 
ناسنامەی هەموو ئەم شارۆمەندانە لەبەردەستی رێکخراوی هانادایە و زۆربەیان بە تۆمەتی هەڵسووڕانی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەروەها چالاکی مەدەن و ژینگە پارێزییەوە قۆڵبەستکراون. بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەم ٤٣ شارۆمەندە ٣٣ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی، ٢ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٢ کەس بە تاوانی چالاکی ژینگە پارێزی، ٣ کەس چالاکی خوێندکاران و مامۆستایان، شارۆمەندێکیش لە چالاکانی بۆارەکانی ژنان و ٢ چالاکی کرێکاری بوون. 

سێدارە: 
بەپێی ئاماری هانا، لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا چوار شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە ٣ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و کەسێکیش بە تاوانی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزاکەیان بەڕێوەچووە. 

منداڵان: 
لە مانگی ژانوییەدا منداڵێکی ٧ ساڵان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراوە. 

کۆڵبەران: 
بەپێی ئاماری هانا، لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا حەڤدە (١٧) کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لەدەستداوە کە ٥ کەس لەو شارۆمەندانە گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی ئەم ئامارە ٩ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون و بریندار بوون. زۆربەی قوربانییانی کۆڵبەر لە شار و گوندەکانی سەر سنووری کوردستانە. 

خۆکوژی: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣ کەس لە شار و گوندەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ئەم خۆکوژییانە بە هۆکارگەلی خراپ بوونی باری ژیان و بەڕێچوون و کێشەی بنەماڵەوە بوون. 

تەقینەوەی مین: 
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هانا، لە مانگی ژانوییەی ئەمساڵدا ٤ شارۆمەندی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوە مین بریندار بوون. زۆربەی ئەو قوربانییانە کۆڵبەران، کاسبکاران و جوتیارانی کورد بوون. ئەو مینانە بەشێکی کاتی شەڕی ئێران و عێڕاق چینراون و هەر هەڵنەگیراونەوە و بەشەکەی تر لەلایەن سپای پاسداران و هیزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە دژی حزبە کوردەکانی نەیاری حکومت چێنراون. 

کرێکاران: 
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ کرێکار بە هۆی رووداوی شوێنی کارەوە و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. هەروەها ٢ چالاکی کرێکاریش دەستبەسەر کراون. 

ژینگە: 
لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا چالاکانی ژینگە پاریزیش هەر لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکاندا بوون و ٢ چالاکی ژینگە پارێز دەستبەسەر کراون. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
١ی فێبرواری ٢٠٢٢ 

کەڵک وەرگرتن و پشتبەستن بەم ئامارە بە ئاماژە کردن بە سەرچاوەکەی ئازادە. 


 

03:23 - 4/2/2022 نوێ کراوەتەوە.