بەندکراوان

سەیوان ئیبراهیمی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا

04:10 - 4/7/2024

سەیوان ئیبراهیمی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ڕۆژی چوارشەممە "١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣" سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجومەنی کەلتوری کۆمەڵایەتی (نۆژین) پاش بانگ کران بۆ دادگای شۆڕشی سنە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراوە .

سەیوان ئیبراهیمی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی کامیارانە .

ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی قازی "محەممەد کەرەمی" بە تۆمەتی کۆکردنەوەی گروپ و دەستە بە مە بەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات " سزای دە ساڵ زیندان و بە تۆمەتی رێکلام لە دژی حکومەت سزای ساڵێک زیندانی بە سەردا سەپێنرا کە لە کۆیدا بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کراوە .
سزاکە رۆژی شەممە "١١ی سەرماوەزی١٤٠٢" بە سەیوان ئیبراهیمی راگەینراوە .
سەیوان ئیبراهیمی لە گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری ، دوور خرانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان و ٤٠قامچی مەحکوم کرابوو رۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز ، سزای زیندان و قامچی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە پشتڕاست و سزای دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان هەڵوەشایەوە .
پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ناوبراو رۆژی چوارشەممە "٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١" بێ حوکمی دادگا دەستبەسەر و پاشان رۆژی دووشەممە "٢٤ی رێبەندانی ١٤٠١" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو .

04:19 - 4/7/2024 نوێ کراوەتەوە.