ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندنی بایکۆتکردنی چالاکانەی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمەڵێک لە بریندار و دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی

11:42 - 25/6/2024

ڕاگەیاندنی بایکۆتکردنی چالاکانەی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمەڵێک لە بریندار و دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی

دەنگی ئێمە بۆ بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردن و ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە. شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران، دوابەدوای کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی، بکوژی هەزاران زیندانی سیاسی و هەروەها یەکێک لە سەرکوتگەرانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی، ڕۆژی هەینی ٨ی پووشپەڕ (٢٨ی ژوئن) و ساڵێک زووتر لە کاتی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت.

ئەوەی ڕوونە ئەو ڕاستیەیە کە لە ماوەی تەمەنی ئەم حکومەتە ستەمکارە، هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نەبووە و نییە و ئەوەی ڕوویداوە ڕاسپاردەکانی حکومەت بۆ دەستاودەست کردنی دەسەڵات و ئیمکانی تاڵانکردنە لەنێوان خۆیاندا. ئەوەی خەڵک لەماوەی ئەو چەند دەیەدا ئەزموونی کردووە، گەندەڵی، سەرکوت، جیاکاری، ستەم، هەژاری، بەڵا و نەهامەتی، مەرگ و تاوان بووە و شانۆی گاڵتەجاڕانەی هەڵبژاردنەکانیان جگە لە مۆری پەسەندکردنی ئەم سیستەمە ستەمکارە، هیچی تر نەبووە. 
لەم ڕوەوە، ئێمە کۆمەڵێک لە برینداران و دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، لەگەڵ زۆرینەی خەڵک و هاوشانی هەموو تێکۆشەرانی ئازادی و یەکسانی، چالاکانە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە دەکەین. مەبەستمان لە بایکۆتی چالاک ئەوەیە کە ئێمە نەتەنیا هەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەم حکومەتە ناکەین، بەڵکو چالاکانە دژی ئەم سیستەمە تاوانکارە کاردەکەین و خوازیاری ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی حکومەتی ئیسلامی لە ئێرانین و لەم ڕێیەدا لە هیچ هەوڵێک پاشگەست نابینەوە. 
زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی دڵ پڕ لە قین و توڕە لەناو ئێراندا ساڵانێکە “نا” یان بە هەردوو باڵی ئەم حکومەتە وتووە، بەتایبەت لە ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ و بە تایبەت لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، “نا”یەکی گەورەیان بە هەموو ئەم ڕژیمە وتووە. ئێمەش وەک کەسانێک کە لەم ڕاپەڕینەدا بریندار یان دەستبەسەر کراوین، لەگەڵ زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکدا “نا”یەکی گەورە بەم سیستەمە تاوانکارە دەڵێین.
ئێمە “نا”  وتن بە هەڵبژاردنەکانی ئەم ڕژیمە و یەکگرتوو و چالاکانە خەبات کردن لە دژی بە ئەرکی خۆمان دەزانین. لە ڕوانگەی ئێمەوە هەر جۆرە بەشداریکردنێک یان پەیوەندییەک بەم هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕانە و رێکخراوە، واتا مۆری ڕەزامەندییە بە تاوان و هاوڕێی کردنە لەگەڵ بکوژانی منداڵەکانمان. ئێمە یەکگرتووانە دژی ئەم سیستەمە کە لە هەموو ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئیتنیکیڤ، کولتووری، ئایینی- ئایدیۆلۆژی، ئابووری، سێکسی، ڕەگەزی و ژینگەیی، کە هەمیشە سەرقاڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی جیاکاری و نایەکسانی بەشێوەی سیستماتیکە خەبات دەکەین و بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردنەکەیان بە یەکێک لە کەمترین ئەرکەکانی خۆمان دەزانین.

دەنگی ئێمە تەنها ڕووخانی کۆماری ئیسلامیە

ژن ژیان ئازادی

واژۆکاران:  

ڕادا فاتحی - هێرۆ قەدیمی - زانیار تۆندرۆ - ئەرستو پاسیار - فەرزاد مورادی نیا - عەدنان حوسێنی - عەلی مسری - یاحیا سەرخانی-واحد ڕوزنەوەرد - ئەیوب عەبدوڵڵاهی - ئاکۆ مەعروفی ئازەر -کیان درەخشان -کەیوان سەمەدی -مێهرداد سەبووری .

زۆربینراوترین