ئامار
ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێران
03:46 - 4/9/2024
هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی ئوتی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لەخۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٤٦ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ٨ بەندکراو سزای ٢٩٢ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێنراوە ، ١٥ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو و بریندار بوون ، لانیکەم ٨ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە ، لانیکەم ١١ کەس خۆیان کوشتووە و ژنێک بووەتە قوربانی پیاو سالاری و کوژراوە .
دەستبەسەر کراوان :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٤٦ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی و هیچ جۆڕە بڕیارێکی دادگا بە شێوەی هەڕەمەکی ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ٤٦ کەس بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کورستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی ، چالاکی ئایینی و ٩ کەسیش بە هۆی چالاکی ژینگەیی دەستبەسەر کراون . بە پێی ئەم ئامارە ٣٦ کەس لە دەستبەسەر کراوان پیاو و ١٠ کەسیشیان ژن بوون .
سێدارە :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٢ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لە نێو لە سێدارە دراوەکان رەزا رەسایی شارۆمەندی کوردی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان بە تۆمەتی کوشتنی پاسدارێک لە سێدارە درا ، ٥ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و ٦ کەسیش بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەیست بە مادەهۆشبەرەکان لە سێدارە دران .
سزای بەندکراوان :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، ٨ بەندکراو لە کۆی گشتیدا بە ٢٩٢ مانگ بەندکران سزا دراون و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکانیان دەستبەسەر کراون . قورسترین سزا بۆ ماشاڵڵا کەرەمی باوکی گیانبەختکردوو مەهدی کەرەمی خەڵکی بیجار دەر کراوە کە ڕۆژی شەممە "٧ی ژانویەی ٢٠٢٣" بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی بەسیجی لە ناڕەزاییە سەرتاسەریەکان ، لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا .
ماشەڵڵا کەەرەمی لە دادگایەک لە کەرەج سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران و ١ ملیارد و ٩٠٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی و دەسبەسەردا گرتنی دارایی و موڵک و ماڵەکەیدا بە سەردا سەپێنراوە .
حکمەت ئەمیری خەڵکی دێولان بە ٤٢ مانگ ، ماتین حەسەنی خەڵکی بۆکان بە ٣١ مانگ و مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی سابر خودامورادی خەڵکی سەقز بە ١٥ مانگ بەندکران سزا دراون .
کۆڵبەران و کاسبکاران :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ بە پشتبەستن بە ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون . لە کۆی گشتیدا ٤ کۆڵبەر بە ناوەکانی عەلی رەسوڵی ، ئەسعەد ئەسپندار ، ئەسعەد ئەفرنجە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون و ناسر عوسمانی بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لە دەستداوە ، هەر وەها لانیکەم ١١ کۆڵبەر بریندار بوون کە سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون .
خۆکوشن :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١١ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . لە نێو خۆکوشتنەکاندا ٤ کەسیان ژن و ٧ کەسیشاین پیاو بوون و یەک کەسیان مێر منداڵێکی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بووە . ئەم خۆکوشتنانە زۆربەیان بە هۆی کێشەی خێزانی ، هەژاری و هەندێکیشیان هۆکارەکان نادیارە ، ئاماری خۆکوشتن لەم مانگانەدا زۆر جێی نیگەرانیە و ڕوو لە زیاد بوونە .
کرێکاران :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٨ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە . نەبوونی کەرستەی پارێزراو بۆ کرێکاران و کەمترخەمی خاوەن خاوەن کاران لە هۆکارە سەرەکیەکانی کوژرانی کرێکارانن لە شوێنی کار کردندا .
ژینگەپارێزی :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، ٩کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی لەوانە ژنێک دەستبەسەر کراون .
کێشە کۆمەڵایەتیەکان :
لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "موبینا زەینی وەند" خەڵکی ئاوایی "گرزلەنگر"ی سەر بە دەرەشاری ئیلام لە لایەن باوکیەوە بە چەک کوژراو .
ئەنجام :
لەم مانگەشدا دەستبەسەر کردنی هەڕەمەکی و سزای نادادپەروەرانە ، سزای نامرۆڤانەی سێدارە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بریندار کردنیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، رێژەی بەرزی خۆکوژی بە تایبەتی لە نێو لاوان و مێرمنداڵان جگە لەو کێشە زۆرەی کە خەڵک لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە جیاکارییەکانی سەبارەت بە کورد ، نەبوونی گەشەسەندنی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستان و نەبوونی وەبەرهێنان لەو ناوچانە دۆخێکی خوڵقاندووە کە بەشێک لە خەڵک بۆ دەست خستنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن ، کارێک پڕ لە مەترسی کە ئەنجامەکەی لە کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەراندا دەبینین .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٤ی سێپتامبری ٢٠٢٤
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگەپێدراوە .