ئامار
ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێران
09:17 - 6/12/2024
هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی نوامبری ساڵی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لەخۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماری کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٩ شارۆمەندی لە سێدارە دراون ، لانیکەم ٣٣ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ١٢ بەندکراو بە ٣٩٥ مانگ بەندکران سزا دراون ، ٥ بەندکراو سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە ، ٥ کۆڵبەر کوژراو یا بریندار بوون و لانیکەم ١٢ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە .
دەستبەسەر کردنەکان :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣٣ شارۆمەندی کورد بە شێوەی هەڕەمەکێ و خۆسەرانە و بەبێ هیچ جۆرە فەرمانێکی دەستبەسەر کردن لە لایەن دادگاکانەوە ، بانگ و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ئەم ٣٣ کەسە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراون .
سێدارە :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ لانیکەم ١٩ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لەم ژمارە ١١ کەس کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان و ٨ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون . رێژەی لە سێدارەدانەکان لە مانگی نوامبر ٧٠ لە سەد بە نسبەت مانگی ئۆکتۆبر بەرز بووەتەوە و زیادی کردووە و ئەمەش دەرخەری خێرایی گرتنی ماشینی ئێعدامی کۆماری ئیسلامیە .
سزای بەندکراوان :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ ، بۆ ١٢ کەس سزای ٣٩٥ مانگ بەندکران دەرکراوە . لە مانگی نوامبر ٥ بەندکراو سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە . وریشە مورادی و میهراب عەبدوڵڵا زادە بە تۆمەتی سیاسی و ناسر بەکرزادە ، ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئاڵی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە .
کۆڵبەران :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو و بریندار بوون . لەم ژمارە کەسێک بە هۆی ڕووداوی سروشتی کوژراوە ، کەسێک بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە و ٣ کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار بوون .
خۆکوشتن :
لە مانگی نوابمی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٢ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە کە یەک کەسیان منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بووە . بە پێی ئاماری هانا ٥ کەس لەوانەی خۆیان کوشتووە ژن و ٧ کەسیشیان پیاو بوون . هۆکاری ئەم خۆکوژیانە زۆرتر کێشەی خێزانی ، هەژاری و بەشێکیشیان هۆکارەکانیان نادیارە .
تەقینەوەی مین :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٤ ، بە هۆی تەقینەوەی مین کەسێک کوژراوە و یەک کەسیش بریندار بووە .
ئەنجام :
لەم مانگەشدا لە سێدارەدانەکان بەردەوام بووە و بە ڕێژەی ٧٠٪ لە چاو مانگی پێشوو زیادی کردووە ، دەستبەسەر کردنی هەڕەمەکی و سزای نادادپەروەرانە ، سزای نامرۆڤانەی سێدارە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بریندار کردنیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، رێژەی بەرزی خۆکوژی بە تایبەتی لە نێو لاوان و مێرمنداڵان جگە لەو کێشە زۆرەی کە خەڵک لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە جیاکارییەکانی سەبارەت بە کورد ، نەبوونی گەشەسەندنی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستان و نەبوونی وەبەرهێنان لەو ناوچانە دۆخێکی خوڵقاندووە کە بەشێک لە خەڵک بۆ دەست خستنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن ، کارێک پڕ لە مەترسی کە ئەنجامەکەی لە کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەراندا دەبینین .
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٤ی دێسامبری ٢٠٢٤
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگەپێدراوە .
08:42 - 7/12/2024 نوێ کراوەتەوە.