ڕاگەیاندن
بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵڕۆژی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ
12:44 - 10/12/2024
لەم بۆنە گرنگەی ڕۆژی مافەکانی مرۆڤدا ئێمە یادی پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (UDHR) لە ١٠ی دێسامبری ١٩٤٨ دەکەینەوە و ڕێزی لێدەگرین . بەڵگەنامەیەکی بنەڕەتی کە بەبێ لە بەرچاو گرتنی ڕەگەز ، ڕەنگ ، زمان ، ئایین ، بیروباوەڕی سیاسی یان بیروباوەڕی تر ، بنەچەی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی یان هەر پێگەیەکی تر ، دان بە مافەکان و ئازادیە حاشاهەڵنەگرەکانی هەموو مرۆڤەکاندا دەنێت .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، بە ڕەنگدانەوەی ئەم پابەندبوونە مێژووییە ، سەرنجی دەستبەجێ بۆ پێشێلکردنی توند و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕادەکێشێت .
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی ڕێوشوێنی بەرفراوانەوە کە پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات سەرکوتکردنی مافە بنەڕەتییەکان بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکاندا چڕتر کردووەتەوە.
بە پێی ئەو داتایانەی کە ڕێکخراوەکەمان بە وردبینی تەواو کۆیی کردووەتەوە ، کوردستانی ئێران لەگەڵ بەلوچستان ، زۆرترین ڕێژەی بەندکراوانی سیاسی و لە سێدارەدانەکانی لە وڵاتدا هەیە .
دەسەڵاتی دادوەری لەو بوارانەدا نەک تەنیا وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن مامەڵە ناکات بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ هێزەکانی ئیتلاعات و هێزە ئەمنییەکان کار دەکات و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها لە یاسای ناوخۆیی ئێران دەستەبەرکراوە ، لە تۆمەتباران زەوت دەکات .
بزووتنەوەی "ژن ، ژیان ، ئازادی" کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و ئیلهامبەخش بوو بۆ ناڕەزایەتی بەربڵاو لە سەرانسەری ئێران ، ڕووبەڕووی سەرکوتی توند بووەوە .
ژنانی کورد بە تایبەتی ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی ئامانجدارانەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی دەبنەوە . داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مافی ژنان کە بەشێوەیەکی ئاشتیانە کاردەکەن بە شێوەیەکی سیستماتیک بە "جیاخواز" ناسراون و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تۆمەتی قورس دەبنەوە کە ئامانجیان سەرکوتکردنی ناڕازاییەکان و کپ کردنی دەنگیانە .
ئێمە تیشک دەخەینە سەر ئەگەری لەسێدارەدانی دوو چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد :
پەخشان عەزیزی چالاکی مافی مرۆڤ تەمەن ٤٠ ساڵە کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣ لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا . تۆمەتەکەی بریتییە لە "شۆڕشی چەکداری دژی حکومەت" (بەغی) کە سزاکە تەنها لەسەر بنەمای چالاکییە مرۆییەکانی لە یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی ئاوارەبوو لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢ دەرچووە .
وریشە مورادی تەمەن ٣٩ ساڵ ، ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی (شەرق) ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە دوای دادگاییکردنێکی زۆر نادادپەروەرانە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا . ناوبراو هەروەها بە تاوانێک کە لەسەر بنەمای تۆمەتی بێ بنەما بە ئەندامێتی لە گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تاوانی (بەغی) مەحکوم کرا .
جگە لەوەش دەسەڵاتدارانی ئێران بێسەروشوێنکردن وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردن بەکاردەهێنن .
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی لە کوردستانی ئێران بە شێوەی خۆسەر و هەڕەمەکێ دەستبەسەر و بێسەروشوێن دەکرێن کە زۆرجار لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکانی ڕێکاری تاوانکاری خودی ئێرانە . ئەم شێوازە لە ڕفاندنەکان بە سپۆنسەری حکومەت پشتگوێخستنی ڕوون و ئاشکرای پابەند نەبوونی ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەوانەش پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR) نیشان دەدات.
یەکێک لە دۆسیە هەرە زەقەکان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دواتر لەسێدارەدانی نهێنی چوار زیندانی سیاسی کوردی ئێرانە کە بریتین لە پژمان فاتحی ، وەفا ئازەربار ، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسێن مەزلوم. ئەوان لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ دەستگیرکرابوون مافی دادگاییکردنیان لێ زەوت کرا و پێش ئەوەی لە ٩ی رێبەندانی ١٤٠٢ بە نهێنی لەسێدارە بدرێن بێسەر و شوێن کرابوون . سکاڵاکانی پەیوەست بەم کەیسانە پێشکەش بە گروپی کاری بێسەر و شوێن کراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کراون .
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم پێشێلکارییە سیستماتیکییانە ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا دەکات :
- لێژنەی ڕاستی دۆزی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران پێویستە ئەولەویەت بدات بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران .
- ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت لە پرسی لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسا ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ ، سەربەخۆیی دادوەر و پارێزەران ، پێویستە بەپەلە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشێلکاریانەدا بکەن .
- کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ ئیرادەی یەکلاکەرەوەی خۆی بۆ لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر پێشێلکردنی بەردەوامی پابەندییەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی نیشان بدات.
- جەخت لەسەر پابەندبوونمان بە گەڕان بەدوای دادپەروەری و بەهێزکردنی دەنگی ستەملێکراوان لە کوردستانی ئێران دەکەینەوە ، بە پشتبەستن بە ڕۆحی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ (UDHR) داوای کردەوەی بەکۆمەڵ دەکەین بۆ تەزمینی پشتگیری ، ڕێزگرتن و هاتنەدی و جێبەجێ کردنی سەرجەم مافە بنەڕەتییەکان بۆ هەمووان .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٠ی دێسامبری ٢٠٢٤