دەربارەی ئێمە

 

"رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا"، رێکخراوێکی سەربەخۆ، ناحکومی و مافی مرۆڤییە کە بە مەبەستی پشتیوانی و بەرگری لە مافی شارۆمەندانی کورد لە کوردستانی ئێران و بە باوەڕ بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و هەر لەو ساڵەدا لە ژنێڤ لە ژێر ناوی "تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران" بە فەرمی ناونووس کراوە. ئەم تۆڕە مافی مرۆڤییە چالاکییەکانی خۆی تا مانگی دیسەمبری ٢٠٢٠ هەر لە ژێر ئەم ناوەدا درێژە پێدا. لە رێکەوتی یەکەمی دیسەمبری ٢٠٢٠وە، بە هۆی وێکچوونی ناوەکەی لەگەڵ چەند رێکخراوی مافی مرۆڤی دیکە، ناوی خۆی گۆڕی و کرایە "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا".

"هانا" وشەیەکی کوردییە و بە مانای فریاکەوتن و یارمەتیدانە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە شێوەی کارامە و کارناسانە پێوشوێنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران دەگرێ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان چاوەدێری دەکا و هەواڵەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە رێگای ماڵپەڕی خۆی و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی بە ئاگاداری رای گشتی، راگەیاندنەکان و هەروەها ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ دەگەیەنێ.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هەوڵ دەدا شارۆمەندانی کوردستان بە بنەما و بایەخەکانی مافی مرۆڤ بە پێی بەندەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئاشنا بکا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دژی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەیە و هەوڵ دەدا بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە.

هانا دژی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی رەگەزی، نیژادی، ئیتنیکی و ئایینییە.

سەرچاوەکانی هەواڵ و هاوکارانی رێکخروی مافی مرۆڤی هانا، شارۆمەندان و چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ئێرانن. ئەم رێکخراوە خۆی بە دۆست و هاوکاری هەموو ئەو رێکخراو و ناوەندانە دەزانێ کە لە کوردستان و ئیران، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەقاو دەدەن و راپۆرت و زانیاری لەمبارەوە بڵاودەکەنەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا