ئامار
ئاماری بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان – مەی ٢٠٢٢
10:10 - 1/6/2022
هانا: ناوەندەی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتەوە لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدا پێویستە بڵێین، بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران و کوردستان کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و رووداوەکان لە کەشێکی ئازاددا ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون، ٢٨ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، ٦ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٢ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون، لانیکەم ١٣ کەس پەنایان بردووەتە بەر خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ٧ کەسیش لە پێوەند لەگەڵ قەتڵی نامووسی یان کێشەی بنەماڵە کوژراون.
بەندکراوان:
لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر کراون.
ناوی هەموو ئەم شارۆمەندە بەندکراوانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و چالاکی لە بوارەکانی، کرێکاری، پیشەیی، مەدەنی، ژنان و ژینگەپارێزی گیراون. بەپێی ئەم ئامارە، لە کۆی ئەو ٣٤ کەسە بەندکراوە، ١٦ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی، ١٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی و مەدەنی، ژنێکیش لە چالاکانی بواری ژنان و شارۆمەندێکی تریش چالاکی خوێندکارییە.
کۆڵبەران:
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا ٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون.
لە کۆی ئەم ٢٦ کۆڵبەرەی بریندار بوون ١٩ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. هەروەها ٣ کۆڵبەر لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون. لە کۆی ئەم ئامارە ٤ کۆڵبەریش لە ئاکامی راوەدوونانی هێزەکانی حکومەت لە هەڵدێری چیاکان بەربوونەوە یا بە رووداوی سروشتی بریندارن بوون. زۆرترین ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونە قوربانی لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوون.
ژنان:
لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون. هەموو ئەم بەندکراوانە بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی، کرێکاری،، سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران گیراون.
قەتڵی نامووسی:
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هانا، لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ کەس لە پێوەند لەگەڵ کێشەی بنەماڵە و "نامووسی" کوژراون. لەم ژمارەیە ٣ کەسیان ژن بوون و ٤ کەسیش پیاو بوون.
خۆکوژی:
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی هانا، لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٣ کەس لە شارۆمەندانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٦ کەس ژن بوون و ٧ کەسیشیان پیاو بوون. ئەو شارۆمەندانەی لە مانگی مەیدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە زۆربەیان لاو بوون. ئەم خۆکوژیانەش بە هۆی باری خراپی بەڕێچوون و کێشەی بنەماڵەوە بووە.
کرێکاران:
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هانا، لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ کرێکار دەستبەسەر کراون کە ٢ کەسیان ژن بوون. لەم مانگەدا ٦ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار و خراپ بوونی ئەمنییەتی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون.
تەقینەوەی مین
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هانا لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢ شارۆمەندی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق و مینی تازەی چێندراو لەلاین هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە، بریندار بوون.
زۆرترین قوربانییانی مین کۆڵبەران و کاسبکاران و جوتیار و مەڕدارەکانی کوردستانن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١١ی جۆزەردانی ١٤٠١
١ی ژوئەنی ٢٠٢٢
تێبینی: پشتبەستن بەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوەکەی ئازادە.
12:57 - 2/6/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- حیکمەت ئەمیری چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان بە بەندکران سزا درا
- تەها ڕەسوڵیان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا
- دەستبەسەر کرانی لانیکەم ٦ چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێزی لە ڕێورەسمی بە خاک سپاردنی ئیسماعیل کەریمی
- ڕاپۆرتی ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێران
- سنە ؛ دەستبەسەر کرانی چالاکێکی مەدەنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە