ڕاپۆرت
ڕاپۆرتێک سەبارەت بە مانگرتنی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایی بەرامبەر لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد
05:17 - 31/1/2024
ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە ناڕەزایی بەرامبەر حوکمی سێدارەی پژمان فاتحی ، محەممەد فەرامەرزی ، وەفا ئازەر بار و موحسێن مەزڵووم ٧ رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و کۆمەڵێک لە حزبە سیاسیەکانی کوردستان بەشێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بانگەوازی کرد بۆ مانگرتن لە کوردستان و پاشان بەشێک لە کەسایەتی جەماوەری و هونەری کوردستان پشتگیرییان لەم بانگەوازە کرد .
دوابەدوای ئەم بانگەوازە، مانگرتنێکی بەربڵاو و هەمەلایەنە و بێ وێنە لە شارە گەورەکانی کوردستان بە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد بەڕێوەچوو.
ئەو شارانەی کە بەشدارییان لەم مانگرتنەدا کردووە بریتین لە "سنە ، مەهاباد ، بۆکان ، سەقز ، دیواندەرە ، دێولان ، مەریوان ، قۆروە ، ڕوانسەر ، سەوڵاوا و تا ڕادەیەک کرماشان و ورمێ . ئەم مانگرتنە لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە گوند و شارۆچکە بچووکەکانی ئەم شارانەش .
مانگرتنەکان لە کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە هێزە ئەمنییەکان هەموو شارەکانیان میلیتاریزە کردبوو و ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان دوکاندارەکانیان ئاگادار کردبوو کە نابێت ڕۆژی دواتر بەشداری لە مانگرتن بکەن.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین و بەندی چواری زیندانی قزڵحساری کەرەج لە ناڕەزایی بەرامبەر لەسێدارەدانی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە مانیان لە خواردن گرت .
هەر وەها شەوی سێشەممە لە گەڕەکی حاجی ساڵح ئاوی سەقز خەڵک بە ئاگرکردنەوە هەوڵی دەستپێکردنی جموجۆڵی ناڕەزاییان هەبوو کە وڵامی خێرای هێزەنیزامییەکان ، هێزە ئەمنییەکان و ئاگر کوژێنەوە لێکەوتەوە .
هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکان ، هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون تەرمی ئەو چوار بەندکراوە گیانبەختکردووە ڕادەست بکەنەوە ، بەڵام ڕێوڕەسمی پرسە بۆ وەفا ئازەر بار ، پژمان فاتحی و موحسێن مەزڵووم لە شوێنی لە دایکبوونیان بە بەشداری ژمارەیکی زۆر لە خەڵکی کردستان بەڕێوە چوو بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە دێولان ڕێگایان بە بەڕێوچوونی پرسە بە بنەماڵەی محەممەد فەرامەرزی نەدا . هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ چوارشەمە 11ی ڕێبەندان ڕێگایان بە بەڕێوچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی محەممەد فەرامەرزی نەدا .
ئەم زیندانیانە کە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بوون، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ دەستبەسەر و دوای ١٧ مانگ حوکمی لەسێدارەدانیان لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و ئەم چوار زیندانییە بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستبەسەر و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگیرا و لە ماوەی دەستبەسەرکردندا لە هەر جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ خێزانەکانیان یان پارێزەرەکەیان بێبەش کرابوون ، لە کاتێکدا ئەم چوار بەندکراوە بەبێ چەک لە ناوچەی سۆمابرادۆستی ورمێ دەستبەسەر کرابوون و خەڵکی ناوچەکەش لەمبارەوە شایەتی دەدەن بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری لەگەڵ موساد بە مەبەستی ئەنجامدانی تەقینەوە لە ئیسفەهان تۆمەتباری کردبوون و لە کۆتاییدا لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ لە زیندانی قەزڵحساری کەرەج لە سێدارە دران.
11:16 - 21/2/2024 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج
- ئەگەری ئێعدام کرانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە کاژێرەکانی داهاتوو
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ؛ دەرکرانی حوکمی سێدارە لە دژی چوار زیندانی سیاسی کورد بە توندی مەحکوم و پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی مافەکانی مرۆڤە
- سزای سێدارە بۆ چوار بەندکراوی سیاسی کورد پەسند کراوە و مەترسی جێبەجێ کردنی سزاکەیان لەسەرە